بەڕێوەبەری تۆماری کۆمپانیاکانی هەولێر: 2 هەزار و 375 کۆمپانیای بیانی لە هەولێر تۆمار کراون
وەرتی سەرەتا ئاماژەی بەوە دا، زیاتر لە 18 هەزار کۆمپانیای تۆمارکراو لە هەولێر هەیە، گوتی: "زیاتر لە 18 هەزار دۆسێی کۆمپانیای تۆمارکراومان لە شاری هەولێر هەیە، پازدە هەزار و 780 کۆمپانیای خۆماڵین و 2 هەزار و 375 کۆمپایاش بیانین، ئەو کۆمپایا بیانییانە زۆربەی وڵاتان دەگرێتەوە، بەڵام لەنێوانیاندا زیاتر 40%ی ئەو کۆمپانیایانە هی وڵاتی تورکیان، لەدوای تۆركیاش كۆمپانیا ئێرانی و لوبنانییەكان دێن".
جەختیشی کردەوە، رۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەی کۆمپانیاکان لە زیادبووندایە، بەڵام ساڵ لەدوای ساڵ داتاكانت لە گۆڕانكاریدان، ئەو بە داتا بەراوردی سێ ساڵی ڕابردوو دەکات و دەڵێـت: "لە ساڵی2017دا، دوای کەمبوونەوەی قەیرانی دارایی، نزیکەی 710 کۆمپانیای خۆماڵی تۆمار کران و کۆمپانیای بیانییش 19 لقیان لە هەولێر کردەوە، لە ساڵی 2018 ڕێژەی کۆمپانیا خۆماڵییەکان بەرەو کەمی چووە و بریتی بوو لە 616 کۆمپانیای خۆماڵی، بەراورد بە ساڵی2017، کە ژمارەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان 710 کۆمپانیا بووە، بەڵام نزیکەی 77 کۆمپانیای بیانی لقی هەرێمی کوردستانیان کردووەتەوە و ڕێژەکە جیاوازیی زۆرە و لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2019دا هەتا ئێستا 590 کۆمپانیای خۆماڵی تۆمار کراون و هەر لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی 35 لقی کۆمپانیای بیانی لقی لە هەرێمی کوردستانیان کردووەتەوە و ساڵی 2019 ئەو ڕێژانە زۆر زیادیان کردووە".
بەرپرسی تۆماری کۆمپانیاکان، هۆکاری زیادبوونی ئەو کۆمپانیایانە بۆ چەندین هۆکار دەگەڕێنێتەوە، گوتی: "یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە هەولێر و هەرێمی کوردستان لە چاو شارەکانی دیکەی عێراق سەقاگیر و ئارامە و ئەو ئاسانکارییە زۆرەی حکوومەتی هەرێم بۆ بازرگانان و خاوەن کاران دەیکات، جگە لەوەش ئێستا کۆمپانیاکان بە سیستەمی ئەلیکترۆنی تۆمار دەکرێن، ئەو هەنگاوەش هەنگاوێکی تازە و پێشکەوتووە".
دووپاتیشی كردەوە، بەهۆی ئارامییەكەی و هەبوونی هەلی كاری زیاتر، چەندین كۆمپانیا شارەكانی تری کوردستان و عێراقەوە هاتوونەتە هەولێر.
ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا سەرقاڵی ئامادەكردنی هەندێك رێنمایین، لەگەڵ ئەوەشدا رەشنووسێك ئامادە دەكرێت بۆ پێداچوونەوە بە تۆماری كۆمپانیاكان، گوتیشی: "دەست كراوە بە رێكاری غەرامەكردنی ئەو كۆمپانیایانەی، كەوا كەموكوڕی لە دۆسێكانیاندا هەیە، یاخود وەكوو پێویست بودجەی ساڵانەی خۆیان پێشكەش ناكەن".
پشتیوان وەرتی، راشی گەیاند، بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو، تۆماری کۆمپانیاکان زیادی کردووە، گوتی: "لەپاڵ باشبوونی دۆخی دارایی و کەمبوونەوەی شەڕی داعش، چەند هۆکارێک هەیە بۆ زیادبوونی تۆماری کۆمپانیا ناوخۆییەکان، لەوانە تەندەری پرۆژەکان تەنیا دەدرێتە کۆمپانیاکان، نادرێتە خەڵکی ئاسایی".
جەختیشی کردەوە: "لە هەولێر 18 هەزار کۆمپانیای خۆماڵی تۆمار کراون، بەڵام لەم ژمارەیە 5 هەزاریان چالاکن و نووسینگەیان هەیە، کۆمپانیاش هەیە 19 ساڵە دامەزراوە و چەند پەڕاوێکی لای ئێمە هەیە، نە کەس بەدوایدا دێت و نە کەسیش مۆڵەت تازە دەکاتەوە، بۆیە بەدڵنیایی کۆمپانیای وەهمی هەیە".
هەندێک کۆمپانیای وەهمی لە هەولێر و دهۆک پارە و ئوتۆمبێل لە خەڵک وەردەگرن، بە مەبەستی ئەوەی کار بە ئوتۆمبێلەکە، یان وەبەرهێنان بە پارەکە دەکەن و دواتر مانگانە بەشێک لە قازانجی کارەکە بدەنەوە خاوەنەکەی، بەڵام لەدوای وەرگرتنی پارە و ئوتۆمبێلەکان، ئوتۆمبێلەکانیان فرۆشتووە و پارەکەیان لەگەڵ خۆیاندا بردووەتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
وەرتی دووپاتی کردەوە، هەندێک کۆمپانیای وەهمی هەن و خەڵکیش بەهۆی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا زیانیان بەرکەوتووە، گوتیشی: "لەم ماوەیەدا لە هەولێر کۆمپانیایەک زۆر ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری بە ناوی کرێ لە خەڵک وەرگرتبوو و مانگانە بڕە پارەیەکی پێ دەدان، دواتر فێڵی لە سەدان کەس کرد، دەرکەوت کۆمپانیایەکە لای ئێمە هیچ دۆسێیەکی نییە".
بەڕێوەبەری تۆماری کۆمپانیاکانی هەولێر پێی وایە، هەندێ کەس هۆشیارییان نییە، بەبێ لێکۆڵینەوە پارە و موڵکی خۆیان دەدەنە خەڵکی دیکە، گوتیشی: "دەبێ خەڵک هۆشیار بن، کاتێک پارەی خۆیان یان موڵک و کاڵای خۆیان بە کەسانی دیکە دەدەن، کە ئۆفیسێکیان بە ناوی کۆمپانیا کردووەتەوە، کەچی کۆمپانیاش نین و هیچ شتێکی فەرمییان نییە".
بەرپرسەکەی تۆماری کۆمپانیاکان ئاشکراشی کرد، سەرمایەی کۆمپانیا ناوخۆییەکان لە یەک ملیۆن دینار دەست پێ دەکات، تاوەکوو یەک ملیار دینار، زۆربەی کۆمپانیا خۆماڵییەکانی کوردستان لە بواری بازرگانیی گشتیدان.
سەبارەت بە خۆدزینەوەی کۆمپانیاکان لە باج، ئەو گوتی: "هەماهەنگییەکی تەواومان لەگەڵ فەرمانگەی باجدا هەیە، هیچ کۆمپانیایەک بەبێ هەبوونی پاکانەی باج هیچ مامەڵەیەکی بۆ ناکرێت، ئەگەر پاکانە نەهێنێت هەموو کارەکانیان رادەگیرێن".
bas news -
