"هەرێمی کوردستان توانیویە لۆبییەکی گەورە لە ڕەوەندی کورد پێک بێنێت"

بۆ هەموو وڵاتێک ڕێکخستنی ڕەوەندی دەرەوە و دروستکردنی لۆبی گرنگییەکی گەورە هەیە، ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان-تورکیا دەڵێ، ئێستا هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر باشدا پەیوەندیی دیپلۆماسیی لە جیهاندا هەیە و کورد دەیەوێ کێشەکان بە ئاشتییانە چارەسەر بکات و لۆبییەکی گەورەیشی هەیە.

هەموو وڵاتان بۆ بەهێزکردنی خۆیان پەنایان بۆ ڕێکخستن و دروستکردنی لۆبی بردووە بۆ ئەوەی بتوانن بگەن بە ئامانجی نەتەوەی خۆیان. لە فەرهەنگی ئۆکسفۆرددا ''لۆبی'' بە واتای سیاسی هاتووە و بەو کەس و گرووپانەی گوتووە کە کاریگەرییان لەسەر ئەندامانی پەرلەمان و یاسادانانەران هەبووە.

ئێستا کورد لە وڵاتان خاوەنی ڕەوەندێکی بەهێزە و لە دنیاشدا توانیویە بچێتە نێو قووڵاییی سیاسەتی وڵاتانەوە. بۆ ئەوەش، ئامانجی هەمیشەی سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان ئەوە بووە کە لە هەموو ڕوویەکەوە کوردستانێکی بەهێز هەبێت.

لە ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانیشدا کوردانی تاراوگە توانییان ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕن و ئەو گوشارەی دووای خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر لەسەر هەڕیمی کوردستان هەبوو، ئەو لۆبییە توانی هەندێک ئاراستەی جیهان بگۆڕێت و جیهانی هێنایەوە پشت هەرێمی کوردستان و توانی ئەو مەترسییەی لەسەر هەرێم هەیە دوور بخاتەوە.

سلێمان شایهنەبی، لە لێدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا گوتی: "ئێستا هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسەت و دیپلۆماسییەوە لە قۆناغی پێشەوەدایە و دەیەوێ کێشەکانی لە ڕێی دیالۆگەوە چارە بکات."

ناوبراو ئاماژەیشی دا: "کوردستان بۆ جیهان هەم جیۆپۆلیتکێکی گرنگە و هەم لە ڕووی ئابووریشەوە ناوەندێکی جیهانییە لە ڕۆژهەلاتی ناڤیندا. بۆیە جیهان بە چاوێکی گرینگەوە تەماشای دەکات و کوردیش چەندین پرسی هەیە، بۆیەشە پێویستی بە لۆبیی گەورەتر و ڕیکخستنی باشتر هەیە."

''ئامانج و کاریگەرییەکەی''

پێکهێنان و ڕێکخستنی لۆبی دەبێتە هۆی ئەوەی کوردیش وەک تەواوی وڵاتانی دنیا لە ڕێی لۆبییەوە بتوانێت گوشار بخاتە سەر وڵاتان و بگاتە ئامانجی خۆی.

زۆربەی وڵاتان کار دەکەن بۆ ئەوەی بە ڕیکخستنی ئابووری و لە ڕیگای ئابوورییەوە، یان پێگەی ژمارەییی کەسە سیاسییەکانەوە لۆبییەکانیان بەهێز بکەن بۆ ئەوەی بتوانن ئامانجەکانیان بپێکن. سلێمان شایهنەبی گوتیشی: "کوردیش توانیویە لە ڕووی سیاسییەوە بگاتە ئامانج، بەڵام لە ڕووی ئابوورییەوە لە ڕێی سەرمایەدارییەوە نەیتوانیوە بچیتە نێو بازاڕی وڵاتە زلهێزەکان و گوشاریان لێ بکات بۆ ئەوەی لەسەر پرسی سیاسی پاڵپشتی کوردستان بن."

گرنگیی ڕێکخستنەکە

ئامانج لە لۆبی دانانی کاریگەرییە لەسەر وڵاتە زلهێزەکان، بۆ ئەوەی لە ڕووی دارایی و سەربازی و کولتوورییەوە پشتیوانیی وڵاتێک بکەن. سلێمان شایهنەبی پێشی وایە، پێکهێنان و ڕێکخستنی لۆبی گرنگترین قۆناغە و دواتر ئەو لۆبییە ئامانجەکان دەپێکێت.

kdp -
Top