ئەمڕۆ رووفاتی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی سەماوە دەردەهێندرێن

 ئەمڕۆ رووفاتی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی سەماوە دەردەهێندرێن
ئەمڕۆ لە سەماوە دەستدەکرێت بە دەرهێنانی رووفاتی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و پێشبینیدەکرێت ئەو گۆڕەی پێش چەند رۆژێک لە تل شێخەی سەماوە هەڵدرایەوە 100 رووفاتی تێدابێت.

سیروان جەلال، بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "دەستدەکەین بە پاککردنەوە و هەڵگرتنەوەی رووفاتەکان، کاتێک دەرهێنانەوەی هەموو رووفاتەکان تەواوبوو، دەیانبەینە پەیمانگەی پزیشکی دادوەری لە بەغدا بۆئەوەی پشکنینی دی ئێن ئەیان بۆ بکرێت".

سیروان جەلال، ئاماژەی بەوەشکرد "بەپێی پلانەکەمان، دەرهێنانەوەی ئەو رووفاتانە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە دەخایەنێت. دوای جەژنی قوربان دوو گۆڕی دیکە هەڵدەدەینەوە، بە گشتی سێ گۆڕەکە 400 رووفاتیان تێدایە".

لەدوای کۆتایی دەسەڵاتی بەعس لە ساڵی 2003 ژمارەیەک گۆڕی بەکۆمەڵ لە سەماوە دۆزرانەوە و رووفاتەکان گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە ساڵی 2004ـەوە چوار گۆڕی بەکۆمەڵ لە سەماوە هەڵدراونەتەوە و سەرجەم رووفاتەکانیان کورد بوون و خەڵکی ناوچەی بارزان و گەرمیان بوون.

ساڵی 2004 دوو گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدرانەوە، گۆڕی یەکەم 114 رووفاتی تێدابوو، گۆڕی دووەم 45 رووفات، ساڵی 2005یش گۆڕێک هەڵدرایەوە، کە 503 رووفاتی تێدابوو، ساڵی 2013 گۆڕێکی دیکە هەڵدرایەوە 93 رووفاتی تێدابوو.

تیمی نیشتمانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای شەهیدانی عێراق و پەیمانگەی پزیشکی دادوەری بەغدا پێکدێن، لە 23ـی ئەم مانگەوە دەستیانکردووە بە هەڵدانەوەی گۆرێکی بەکۆمەڵ لە سەماوە و بڕیارە کارەکانیان تاوەکو 1ـی ئاب بەردەوامبێت.











رووداو
Top