پەکەکە گەمارۆی گوندێکی ناوچەی شارباژێڕ دەدات
لە یاداشتێکدا، دانیشتووانی گوندی گەڵاڵەی ناوچەی شارباژێڕی سەر بە پارێزگای سلێمانی باسیان لە دۆخی دژراوری گوندەکەیان بەھۆی چەکدارانی پەکەکە کردووە و ڕایانگەیاندووە: ”دۆخی ئێستای گوندی گەڵاڵە هیچ باش نییە و خەڵکی وەڕز و بێتاقەتن، چونکە زۆربەی ڕۆژەکان فڕۆکە چاودێریی گوندەکەمان دەکات، ئەمەش وایکردووە کەس بە ئارامی نەچێتە ناو ڕەز و باخی خۆی و بەردەوام خەڵکی گەڵاڵە لە دڵەڕاوکێیەکی زۆردان“.
ئاماژەش بەوە دراوە کە هەرچەندە گوندەکەیان لە ناوچەیەکی شاخاویی کەم ئاو دایە و تەنھا چەند کانیاوێکی سازگار لە ناو گوندەکەیان ھەیە، بەڵام سەرجەم کانیاوەکان و تۆڕی گواستنەوەی ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتییان، لەلایەن چەکدارەکانی پەکەکەوە قۆرخ کراوە و ”ئەگەر چارەسەری ئەو گرفتە نەکرێت، دانیشتووانی ڕووبەڕووی مەترسیی کەم ئاوی دەبنەوە“.
لە یاداشتەکەدا ئەوە ئاشکرا کراوە کە چەکدارانی پەکەکە ”بێشەرمانە“ مامەڵە لەگەڵ ڕیش سپی و پیاوماقووڵانی گوندەکە دەکەن و ئەوەی دەیکەن، بە مافی خۆیانی دەزانن و ئەو چەکدارانە لە چواردەوری گوندەکە بەشێوەیەکی بازنەیی بڵاوبوونەتەوە و خەڵکی گوندیان کردووەتە قەڵغان بۆ خۆیان.
خەڵکی گوندەکەی شارباژێڕ پێیانوایە کە ئەرکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، بەدەم خەڵکی سنوورەکەوە بچێت و ڕێگری لەو کارانەی پەکەکە بکات.
لە بەشێکی دیکەی یاداشتەکەدا باس لەوە کراوە کە چەکدارانی پەکەکە بەهەموو شێوەیەک بەکارهێنانی چەکیان لێ قەدەغە کردوون، لەکاتێکدا هەندێک ئاژەڵی دڕندە لە سنوورەکە هەیە و ئەگەری هەیە مەترسی بۆ سەر ژیانیان درووست بکات.
لەلایەن خۆیەشەوە کامەران حەسەن، قایمقامی ماوەت ڕاگەیاند، ئەو ڕوونکردنەوەی دانیشتووانی گوندی گەلاڵە گوزارشت لە بۆچوونی ھەموو دانیشتووانی گوندەکە ناکات، ڕەنگە چەند کەسێکی ئەو گوندەکە ڕوونکردنەوەیەکی لەو شێوەیەیان نووسیبێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی سکاڵای دانیشتووانی گوندی گەڵاڵەمان بۆ نەھاتووە. گوتیشی: ”چەکدارەکانی پەکەکە، نەھاتوونەتە ناو قوڵایی گوندی گەڵاڵە، بەڵام شتێکی شاراوە نییە کە پەکەکە بە شاخی ئاسۆسەوەن“.
قایمقامی شارۆچکەی ماوەت، ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر دانیشتووانی گەڵاڵە یان ھەر گوندێکی دیکە سکاڵا بۆ ئەوان ببات، ”ئێمەش ئەنجومەنی پارێزگا لەو سکاڵایە ئاگادار دەکەینەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا ھیچ سکاڵایەکی فەرمیمان بۆ نەھاتووە“.
باسنيوز
