بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر: كێشەی شەبەكات و كەمیی پاسپۆرتمان هەیە

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر: كێشەی شەبەكات و كەمیی پاسپۆرتمان هەیە
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، كێشەی شەبەكات و كەمیی پاسپۆرتمان هەیە و پێویستە چارەسەر بكرێن.

پاش ئەوەی هاووڵاتییان گلەیی و گازەندەیان لەمەڕ درەنگهاتنەوەی پاسپۆرتەكانیان كرد، كە گوایە دوای مانگێك بۆ دوو مانگ پاسپۆرتەكانیان بۆ دەگەڕێتەوە و ئەوەش كاتێكی زۆرە و گرفتی بۆ دروست كردوون، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر ئاشکرای کردووە كێشەی شەبەكات و كەمیی پاسپۆرتمان هەیە.

لەمبارەوە عەمید دیدار عومەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی هەولێر ڕايگەیاند: "لە مانگی یەك تا مانگی شەشی ئەمساڵ پاسپۆرتمان كەم بۆ دەهات، ئێمە مانگانە ١٥ بۆ ٢٠ هەزار مامەڵەی پاسپۆرت وەردەگرین، بەڵام پێنج تا شەش هەزار پاسپۆرتمان لە بەغداوە بۆ دێت و ئەو كێشەیەش هەر ماوە، بەڵام وەك پێشتر نییە".

ڕوونیشی كردەوە: "بۆ حاڵەتی ئاسایی دەرهێنانی پاسپۆرت مانگێكی دەوێت، ئەو كەسانەش نەخۆشن، یان بۆ حاڵەتی کاروباری حکوومی بە دوو هەفتە پاسپۆرتیان بۆ دەردەهێنرێت و ئەوەش وەك یارمەتییە بۆیان، هەروەها بۆ خزمەتی خێراش بە هەفتەیەك پاسپۆرتیان بۆ دەردەهێنرێت".

گوتیشی: "بەڕێوەبەرایەتییەكەمان دوو نووسینگەی هەیە و پێویستمان بە كردنەوەی نووسینگەیەكی دیكە لە سۆران هەیە، بۆ ئەوەی ئەو فشارەی لەسەرمانە كەم ببێتەوە، ئێستا ڕۆژانە سێ هەزار هاووڵاتیی سەردانی نووسینگەكان دەكەن".

عەمید دیدار عومەر ئەوەشی خستە ڕوو: "بۆ كردنەوەی نووسینگەی سێیەم لە سۆران سەردانی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆم كرد، باسی كێشەی پاسپۆرتم کرد و پێویستە نووسینگەی سۆران بكرێتەوە، چونكە بەو كارە گرفتەكە چارەسەر دەبێت و نیو ملیۆن هاووڵاتیی دەڤەری سۆران دەتوانن لەڕێگەی نووسینگەی خۆیانەوە پاسپۆرت دەربكەن، لەو حاڵەتەشدا كارئاسانی بۆ هاووڵاتییان دەكرێت و دەتوانن لە ماوەیەكی كەمدا پاسپۆرتەكانیان وەربگرنەوە".

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی هەولێر گوتیشی: "كێشەكان نیوەی لای هەرێمە و نیوەكەی دیكەی لەلای بەغدایە، سەردانی بەغدامان كردووە، بەڵام چارەسەر نەكراوە، جگە لەوەش كێشەی شەبەكاتمان هەیە كە لە وەرزی هاوین و زستاندا هەندێكجار شەبەكە نامێنێت، لەلایەكی دیكەشەوە ڕەزامەندیی بەغدا بۆ مامەڵەكان زۆر جار دوو هەفتە دەخایەنێت".










باسنيوز
Top