مەکتەبی سیاسیی پارتی پەیامێک ئاراستەی گۆڕان دەکات

 مەکتەبی سیاسیی پارتی پەیامێک ئاراستەی گۆڕان دەکات




مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێک ئاراستەی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات.



لە پەیامەکەیدا، ، مەکتەبی سیاسیی پارتی پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی گۆڕان دەکات.



مەکتەبی سیاسیی پارتی هیوا دەخوازێ بناغەی پەیوەندیی و هەماهەنگیی نێوان پارتی و گۆڕان ”پتەوتر“ بکرێ و رایگەیاندووە، رەوشی گرنگ و هەستیاری ئەمڕۆی هەرێم و ناوچەكە، واپێویست دەكات زیاتر سوور بین لەسەر هاوخەباتی و یەكڕیزی و تەبایی.



بزووتنەوەی گۆڕان لە 25-7-2009 لەلایەن نەوشیروان مستەفا، کە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جیابووەوە، دامەزرا.



دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی:



بەڕێزان/ رێكخەری گشتی و ئەندامانی جڤاتی گشتی و نیشتیمانی لە بزووتنەوەی گۆڕان..



بە بۆنەی (10)ـیەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوە تێكۆشەرەكەتان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و ئەندام و لایەنگرانتان دەكەین، هیوادارین هەر بەردەوام و سەركەوتوو بن لە خەبات و تێكۆشانتان بۆ سەرخستنی دۆزی گەلەكەمان و بەدیهێنانی گشت مافە رەواكانی.



رۆڵی بزووتنەوەكەتان و بەرنامە و هەوڵ و كار و چالاكییەكانی بۆ بەهێزكردنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و دامودەزگا شەرعییەكانی و بنەماكانی ئازادی و دیموكراسی لە پێناو دوارۆِژێكی گەشتر، مایەی خۆشحاڵی و ئاماژەی دڵسۆزیتانە بۆ بەدیهاتنی مافە هاوبەشەكانمان.



ئێمە كاتێك ئەو یادە دەكەینەوە، هاوكات رەوشی گرنگ و هەستیاری ئەمڕۆی هەرێم و ناوچەكە، واپێویست دەكات زیاتر سوور بین لەسەر هاوخەباتی و یەكڕیزی و تەبایی بۆ پاراستنی دەسكەوتەكان و رەوشی ئارام و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەدیهێنانی ئامانجە درێژخایەنە نیشتیمانی و نەتەوەییەكانمان.



هیوادارین بە هەموو لایەك هەوڵ بدەین بناغەی ئەو هاوپەیمانییەتی و هەماهەنگییەی نێوانمان زیاتر پتەوتر و بەهێزتر بكەین لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی گەلەكەمان و تەختكردنی كۆسپ و تەگەرەكان و چارەسەركردنی گیروگرفت و كێشەكان و دابینكردنی ئایندەیەكی رۆشنتر و گەشتر بۆ گەلەكەمان.



جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێدەكەین و هەر سەرفرازو سەركەوتوو بن...



مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان













باسنيوز
Top