سبه‌ی شاندێكی باڵای عێراق ده‌گاته‌ هه‌رێمی كوردستان

سبه‌ی شاندێكی باڵای عێراق ده‌گاته‌ هه‌رێمی كوردستان
سبەی شاندێکی باڵای عێراق دەگاتە هەولێر و لەگەڵ به‌رپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەست بە گفتۆگۆ دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

بەگوێرەی زانیاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار، بڕیارە سبەی رۆژی پێنج شەممە شاندێکی حکوومەتی فیدڕاڵ کە پێکهاتوون لە فوئاد حوسێن وەزیری دارایی و جێگری سەرۆک وەزیران، سامر غەزبان وەزیری نەوت و جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە، فالح فەیاز راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی و ئەبو جیهاد ئەلهاشمی بەڕێوەبەری نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بگاتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.

لە سەردانەکەیدا بۆ هه‌رێمی کوردستان شاندی عێراقی گفتۆگۆ لەبارەی پرسە هاوبەشەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات.

سەردانی ئەم شاندە دوای سەردانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دێت، کە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق رێککەوتبوو چەندین لیژنە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەست بە گفتۆگۆ بکەن.

k24 -
Top