لە هەرێمی كوردستان دامەزراوەی نیشتمانیی خۆراك و دەرمان دادەمەزرێت

لە هەرێمی كوردستان دامەزراوەی نیشتمانیی خۆراك و دەرمان دادەمەزرێت
سەرۆكی لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌ و مافی بەکاربەر لە پەرلەمانی کوردستان، رای گەیاند بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی دەرمان و هێنانی دەرمان لەرێگەی یەك سەرچاوەوە، دامەزراوەی نیشتمانیی خۆراك و دەرمان لە هەرێم دادەمەزرێت.

زانا مەلا خالید، بڕیاردەری لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌ و مافی بەکاربەر لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: "یەكێك لە هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم كە لەلایەن مەسرور بارزانییەوە خرایە ڕوو، دامەزراندنی دامەزراوەی نیشتیمانیی خۆراك و دەرمان بوو بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی دەرمان بە شێوەیەكی ریشەیی، لەبەر ئەوەی تا ئێستا دامەزراوەیەكی تایبەت نەبووە بە هێنانی دەرمان، بۆیە جۆرەها دەرمانی خراپ و كۆپی و بێ‌ كوالێتی لەلایەن كۆمپانیا جیاجیاكانەوە بەناوی بازاڕی ئازادەوە هاوردەی هەرێم كراون".

راشی گەیاند: "لە پەرلەمانیش لێژنەیەكی تایبەت بە دەرمان هەیە بۆ ئەوەی یاسایەكی تایبەت بە هاوردەكردنی دەرمان دەربكەین بە مەبەستی هاوردەكردنی دەرمان لەڕێگەی یەك سەرچاوەوە كە ئەویش دامەزراوەی نیشتمانیی خۆراك و دەرمانە، كە سەر بە حكوومەت دەبێت و راستەوخۆ دەرمان لە كۆمپانیاكانی دیكکە دەكڕێت بۆ ئەوەی دەرمانێكی باش و خاوەن كوالێتی بێتە وڵاتەكەمان".

زانا مەلا خالید ئاماژەی بەوەش كرد: " ئێستا حكوومەتی هەرێم خەریكی داڕشتنی پەیكەری ئیداری ئەو دامەزراوەیە، كە یەكێك دەبێت لە دامەزراوە گرنگ و ستراتیژییەكان و ئیرادەی بەهێزی كابینەی نۆیەمی حكوومەتیش ئەوەمان پێدەڵێت دەتوانین لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، كۆنترۆلی پرسی دەرمان بكەین".










باسنیوز
Top