بەشێکی فراکسیۆنی یەکێتی دەنگیان بە یاسایەک دا کە زیانی بۆ کورد هەیە

بەشێکی فراکسیۆنی یەکێتی دەنگیان بە یاسایەک دا کە زیانی بۆ کورد هەیە
ئەندامێکی لێژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان رای گەیاند، ئەو یاسایەی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و کەرکووکیش دەرکراوە، زیانی بۆ کورد هەیە، چەندە بەشێک لە فراکسیۆنی یەکێتی دەنگیان پێ داوە.

شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی لێژنەی ئاسایکردنەوەی دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان ڕايگەیاند: ”ئەو یاسایەی لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە زیانی کوردی تێدایە و نەدەبوو ڕێگە بدرێت بەو شێوەیە بڕوێنرێت، بەڵکوو دەبوو کورد ڕێژەی یاسایی کۆبوونەوەکە بشکێنێت و ڕێگری لە تێپەڕاندنی یاساکە بکات“.

ھاوکات شاخەوان عەبدوڵا ڕوونی کردەوە، ڕۆژی ٢٢\٧\٢٠١٩ کاتێک ”درکم کرد یاساکە زیانی بۆ کورد ھەیە، پەیوەندیم بە ھەردوو فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی کرد، ئەوەبوو فراکسیۆنی پارتی و بەشێک لە فراکسیۆنی یەکێتی دانیشتنەکەیان بەجێھێشت، بەڵام بەشەکەی دیکەی فراکسیۆنی یەکێتی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکانی دیکە لەناو ھۆڵی کۆبوونەوەکە مانەوە، بۆیە ئەگەر لە داھاتوودا ھەر منداڵێکی کوردی کەرکووکی بەپێی ئەو یاسایە لە دەنگدان بێبەش بکرێت، ئەوا دەبێ ئەو کەسانەی لە کۆبوونەوەکە مانەوە تەحەموولی ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییە بکەن“.

دووپاتیشی کردەوە، دەبووایە ڕێگری لە گۆڕانکاری لە مادەی ٣٥ی تایبەت بە کەرکووک بکرێت، ”پار ساڵ ئێمە لەوێ بووین بە ڕەزامەندیی عەرەب و تورکمان ئەو مادەیەمان لە یاسای ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠١٨ دانا، بۆیە دەبوو ئەو ڕێککەوتنە وەک خۆی بڕوات، نەک عەرەب و تورکمانەکان بێن و شتی دیکەی بۆ زیاد بکەن کە لەبەرژەوەندیی کورددا نیین“.

ئەندامەکەی لێژنەی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد: ”یاساکە زەرەری زۆرە، جگە لەوەش ھەڵبژاردن پێش ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک نە دەکرێت و نە ڕێگەش دەدەین بکرێت“.












باسنيوز
Top