وەزارەتی ئەوقاف: هەموو حاجیانی کوردستان تاوەکو 26ی مانگ دەگەنە سعودیە

 وەزارەتی ئەوقاف: هەموو حاجیانی کوردستان تاوەکو 26ی مانگ دەگەنە سعودیە
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، تاوەكو ئێستا شەش هەزار و 380 كەس لە هەرێمی كوردستانەوە بەمەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج چوونەتە سعودیە و تاوەکو 26 ئەم مانگە هەموو حاجیانی هەرێمی کوردستان دەگەنە ئەو وڵاتە.

نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە كۆی حەوت هەزار و 130 كەسی هەرێمی كوردستان كە بەنیازن ئەمساڵ فەریزەی حەج بەجێبهێنن تاوەكو ئێستا شەش هەزار و 380 كەسیان گەیشتوونەتە سعودیە ‌و ئەگەر كێشەی نەبێت، لە فڕۆكەخانەی سعودیە هەر حاجییەك بە سێ خولەك كارەكانی تەواودەبێت.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی كوردستان، ئەوەشی خستەڕوو کە 750 كەسی دیكە ماوەن بگەن سعودیە، تاوەكو 26ی ئەم مانگە هەموویان دەگەنە سعودیە.

لەبارەی تەندروستی حاجیانیش دەڵێت، تاوەكو ئێستاش تەنیا یەك حاجیمان لە سعودیە باری تەندروستی تێچكووە ‌و ئەویش جەڵدەی دەماغ لێداوە ‌و ئێستاش لە نەخۆشخانەیە ‌و چارەسەر وەردەگرێت.

ساڵی رابردوو پێنج هەزار و 439 كەس لە هەرێمی كوردستانە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج چوونە سعودیە، بەڵام ئەمساڵ ژمارەكە زیادیكردووە و بۆ حەوت هەزار و 130 كەس.




رووداو
Top