ئەردۆغان چوار وەزیری حكوومەتەكەی دەگۆڕێ

ئەردۆغان چوار وەزیری حكوومەتەكەی دەگۆڕێ
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی چەند میدیایەكی توركیا ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویان كردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا بە نیازە چوار وەزیری كابینەی ئێستەی حكوومەتەكەی بگۆڕێ و كەسی تازە بهێنێتە پێشەوە.

رۆژنامەی (حوریەت)ی توركی ئاشكرای كرد لە ماوەیەكی نزیكدا ئەردۆغان چوار وەزیری كابینەكەی دەگۆڕێ، ئەوەی چاوەڕوانەكراویشە بۆ لایەنگرانی ئەكەپە و بەرپرسانی ئەكەپە، لادانی زاواكەیەتی.

بە گوێرەی زانیارییەكانی ئەو رۆژنامەیە، هەریەك لە وەزیرەكانی دارایی، كشتوكاڵ، سامانە سروشتییەكان و وزە دەگۆڕێن و كەسی تازەی ناو ئەكەپە دەهێنرێنە پێشەوە.

لەبارەی وەزارەتی ناوەخۆوە قسەی زۆر هەیە كە سولەیمان سویلو لە كارەكەی لاببرێ و كەسێكی تر لە شوێنی ئەو بكرێت بە وەزیر.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاو كراونەتەوە، ئەردۆغان جارێ دوودڵە لە لادانی سویلو، چونكە ئەگەر لایبدات، پێویستە پۆستێكی تری پێبدات كە ئەمەش بۆ ئەردۆغان كێشەیەكی تر دروست دەكات.

بەرات ئالبەیراك زاوای ئەردۆغان و وەزیری دارایی توركیا، یەكێك دەبێت لەو وەزیرانەی بە بڕیاری ئەردۆغان لادەبرێن و كەسێكی تر دەخرێتە شوێنی، ئەمەش زۆرێك لە بەرپرسانی ناو ئەكەپە دڵخۆش دەكات، چونكە پێشتر داوایان لە ئەردۆغان كردبوو ئالبەیراك بگۆڕێت، چونكە وەكو وەزیری دارایی نەیتوانیوە سەركەوتوو بێت لە ئەركەكەی.

لە لایەكی ترەوە، لایەنگرانی ئەكەپەش لە كاری ئالبەیراك رازی نین، چونكە لەو كاتەوەی ئەو بووەتە وەزیری دارایی و ئابووری، باج زیادی كردووە و هەموو شتێكیش سێ بەرامبەر نرخەكەی زیاد بووە. هەروەها ئالبەیراك بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی نەیتوانیوە هیچ شتێك بكات و رۆژ بە رۆژ قەیران سەختتر دەبێت.

بە گوێرەی هەواڵێكی تری رۆژنامەی (سۆڵ)، ئەردۆغان جگە لەو گۆڕانكارییانەی لەناو حكوومەتدا ئەنجامی دەدات، لە هەمان كاتدا لەناو ئەكەپەشدا گۆڕانكاری زۆر گەورە ئەنجام دەدات، رەنگە چەند ئەندامێكی سەركردایەتی پارتەكە دوور بخاتەوە و كەسی تر بهێنێتە شوێنیان.

بە گوێرەی دەستووری توركیا، سەرۆك كۆماری توركیا بۆی هەیە لە هەموو ساتێكدا وەزیر بگۆڕێت و كەسێكی تر بهێنێتە شوێنی، چونكە باڵاترین دەسەڵاتی هەیە و پێویستی بە دەنگی ئەندام پەرلەمانەكان نابێت.










باسنيوز
Top