چەند رێنماییەک بۆ پێدانی مۆڵەتی بێ مووچە دەردەکرێت
جەختیش کراوەتەوە، لە کاتی درێژکردنەوەی مۆڵەتی بێ مووچە، دەبێ دەست بە دەوام بکاتەوە و دووبارە داواکارییەک پێشکەش بکات بۆ مۆڵەت، ئەگەر وا نەکات نایاساییە، سەبارەت بەوانەیش کە لە دەرەوەی وڵاتن و بەھۆی نەخۆشییەوە ناتوانن بگەڕێنەوە، ئەوکاتە دەبێت راپۆرتی پزیشکیی پەسندکراو لە لایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکاتی دەرەوەی حکوومەت ھەبێت بۆ پشتڕاستکردنەوە، دوای ئەوە مۆڵەتی بێ مووچەیان پێ دەدرێت.
وەزارەتی پەروەردە راشی گەیاندووە، مۆڵەتەکەش لەسەر بنەمای ئەوە دەدرێت، کە پێویست بێـت و کاریگەریی لەسەر میلاک و پسپۆڕی نەبێت و رەزامەندیی ئەو شوێنەیشی لەسەر بێت، کە تیایدا میلاکە.
روونیش کراوەتەوە: «بە ھیچ جۆرێک نابێت مامۆستا دەوام نەکات، تاوەکوو فەرمانی مۆڵەتی بێ مووچەییەکەی بۆ دەردەچێت».
دوووپاتیش کراوەتەوە، دوای دەرچوونی فەرمانی وزاریی مۆڵەتەکە، بەڕێوەبەری قوتابخانە یان شوێنەکەی بۆی نییە دەست لەکارھەڵگرتنی دوا بخات.
وەزارەتی پەروەردە لەبارەی مۆڵەتی دایکایەتی بڕیاری داوە: «ئەو مامۆستایەی لە مۆڵەتی دایکایەتی بێت، لەدوای تەواوبوونی مۆڵەتەکەی مافی ھەیە داوای مۆڵەتی بێ مووچە بکات».
مەریوان بەگۆ، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رايگەیاند، ئەو رێنماییە دەرکراوە و کاری پێ دەکرێت، گوتی: «رێنماییەکە دراوەتە ھەموو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەکان و پێیان راگەیاندراوە، مۆڵەتی بێ مووچەی مامۆستایان بەم رێنماییە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت».
روونیشی کردەوە، مۆڵەتی بێ مووچە نادرێت، ئەگەر کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی خوێندن و کەمیی میلاک دروست بکات، گوتی: «ھەر مۆڵەتێک بۆ مامۆستایان دوو ساڵ دەدرێت، دەکرێت لە حاڵەتی پێویست دوو ساڵی تریش بدرێتەوە، لە ھەر شوێنێک کێشەی میلاک دروست نەبێت، مامۆستا دەتوانێت مۆڵەتی پێ بدرێت».
جەختیشی کردەوە، جگە لە مامۆستایان، بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە ھەمان ئەو رێنماییانە بۆ مۆڵەتدان جێبەجێ دەکرێن و گشت فەرمانبەران دەگرێتەوە.
لە نیسانی ٢٠١٥، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، دەسەڵاتی بە وەزیر و سەرۆکی دەستەکاندا بۆ بەخشینی مۆڵەتی بێ مووچە بۆ فەرمانبەران بۆ ماوەیەک لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت، بەڵام بۆ مامۆستایان بۆ ماوەی دوو ساڵە.
باسنيوز
