دانوستانی نێوان ھەولێر و بەغدا بە فەرمی دەست پێ دەکات
دوێنێ دووشەمە، ٢٢ ی تەمووزی ٢٠١٩، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، دووەمین کۆبوونەوەی خۆی ساز کرد.
لە راگەیاندراوێکی کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە دۆسێی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تیشکی خستووەتە سەر سەردانی شاندی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە ھەفتەی رابردوو، کە بە شێوەیەکی زۆر ورد داتا و زانیاریی پێویستە لەبارەی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بۆ بەرپرسە باڵاکانی حکوومەتی عێراق روون کردووەتەوە، کە بڕیارە شاندی ھاوبەشی ھەردوولا لە نزیکترین کاتدا دەست بە گفتوگۆی چڕ بکەن، بۆ دانانی میکانزمی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەرسێردراوەکانی نێوانیان.
بەپێی زانیارییەکانی (باس)، ئێستا ھەردوولا بە جیا سەرقاڵی ئامادەکردنی رەشنووسێکی چارەسەرین بۆ کێشەکانی نێوانیان، لەسەر بنەمای دەستووری عێراقی فیدڕاڵ، بەم نزیکانەش لە رێگەی چەند لیژنەیەکی باڵا و تایبەتەوە گفتوگۆ و دانوستانەکان دەست پێ دەکەن، کە ئامانج لێیان، رێککەوتنێکی درێژخایەن و کۆنکرێتییە سەبارەت دۆزینەوەی میکانزمی گونجاو بۆ دۆسێی نەوت و ناردنی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، ھەروەھا جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، سەبارەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان.
لەم بارەیەوە، د.بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ (باس) روونی کردەوە، کە لە کاتی ھاتنی شاندەکەی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، زۆر شت بۆ حکوومەت و پەرلەمان و شەقامی عێراقی لە چەند پەیامێکدا روون کرایەوە، گوتی: «لە پەیامی یەکەمدا سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە بەرپرسە باڵاکانی عێراقی راگەیاند، کە ھەرێمی کوردستان لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغدا جدییە و خوازیاری پەیوەندییەکی بەھێز و تۆکمەیە، لەگەڵ ھەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ، لەسەر بنەمای دەستوور و یاساکان، ئەوەش وەکوو نیشاندانی نیازپاکیی ھەرێمی کوردستان. دووەمیان، پەیامەکە زیاتر بۆ شەقامی عێراقی بوو، کە ئەوەی لەلایەن ھەندێ لایەن و کەسەوە لەسەر نەوتی کوردستان باس دەکرێت راست نییە، کە گوایە ھەولێر زیاتر لە بەشی خۆی لە بودجە دەبات و نەوت نادات، بەڵکوو ئەوە بەغدایە چەندین ساڵە مافی ھەرێمی کوردستانی پێشێل کردووە و ئامادە نەبووە شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور بدات».
بەغدا پشکی بودجەی ھەرێمی کوردستانی لە ساڵی ٢٠١٤وە تاوەکوو ٢٠١٨ نەناردووە، بەڵام لە ٢٠١٨ەوە بڕێک پارەی مانگانەی ناردووە، کە سەرەتا بۆ چەند مانگێک ٣١٧ ملیار و ئێستا بڕەکە بۆ ٤٥٤ ملیار دینار لە بودجەی ٢٠١٩ زیاد کراوە، بەڵام بەپێی دەستوور، حەقەبەشی ھەرێمی کوردستان بە رێژەی ١٧٪ دیاری کراوە، کە مانگانە دەکاتە زیاتر لە یەک ترلیۆن دینار، لەسەر ئەو بنەمایە، ئەگەر بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان تەنیا لە ساڵی ٢٠١٤وە بۆ ٢٠١٨ حیساب بکرێت، ئەوا جگە لە بودجەی سیادی و حاکیمە، کە ھەرێمی کوردستان بەشی دەکەوێت، بەغدا لە بودجەی گشتی نزیکەی ٥٠ ترلیۆن دیناری بۆ ھەرێمی کوردستان نەناردووە.
لەبەرامبەر بەوە، ھەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا، کە نەوتی فرۆشتووە، بە پێدانی دەستحەقی کۆمپانیاکانی نەوتەوە نەگەیشتووەتە ٢٠ ترلیۆن دینار، کە نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار دەبێت، بەو پێیە بێت (٥٠-٢٠=٣٠) ترلیۆن دینار، ئەوە حکوومەتی عێراق ئەو قەرزەی دەکەوێتە سەری، تەنیا لەسەر بودجەی گشتی نزیکەی ٣٠ ترلیۆن دینار دەبێت.
د.بەشیر حەداد، ئاشکراشی کرد، بۆ ساڵی ئایندە (٢٠٢٠) پێویستە لەنێوان ھەولێر و بەغدا رێککەوتنی نوێ بکرێت، گوتی: «ھەر بۆیە لە ئێستاوە سەرقاڵی دروستکردنی لیژنە پسپۆرییەکانین، بۆ ئەوەی پلان بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا دابڕێژرێت، بەتایبەتی مەسەلەی نەوت و بودجە و جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستووری، بۆ ھەریەک لەمانەش دەبێت لیژنەی پسپۆڕی دروست بکرێت، بەم نزیکانەش دانوستان و گفتوگۆ دەست پێ دەکەن، بەو ئومێدەی لە سێ مانگی داھاتوودا ھەموو کارەکان تەواو بن، پێش ئەوەی بودجەی ٢٠٢٠ ئامادە بکرێت، تاوەکوو رێککەوتنەکە لە بودجە و یاسادا جێگیر ببێت».
لای خۆشیانەوە، سالار مەحموود، راوێژکار لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، کە بەشداریی لە کۆبوونەکانی ھەرێمی کوردستان و بەغدا کردووە، بۆ (باس) ئاماژەی بەوە دا، ھەولێر و بەغدا لە ھەر سێ ئاستی سیاسی و ئابووری و یاساییدا گرفتیان ھەیە، کە گەرەنتیی دەربازبوون گەڕانەوەیە بۆ گفتوگۆی راشکاو و نیازی گەیشتن بە چارەسەر، بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان، گوتیشی: «دۆخی ئێستای عێراق دەرفەتێکی گەورە و لەگەڵ ئەوەش ئاستەنگی گەورەشی تیادایە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی نیشتمانی لەلایەن ھێزە کورستانییەکان، بەتایبەتی دوو ھێزە باڵادەستەکە، ئەوا دەرفەتەکان زاڵ دەکات بەسەر ئاستەنگە ھەمیشە بەردەوامەکاندا و ئەوەش لە بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی کوردستان دەبێت».
باسنیوز
