وەزیری دەرەوەی تورکیا وادەی خستنەکاری S400 ئاشکرا دەکات
وەزیری دەرەوەی تورکیا وادەی کارکردن بە سیستەمی مووشەکیی S400 لەلایەن سوپای وڵاتەکەیەوە، ئاشکرا دەکات.
مەولود چاویشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا نایەوێ سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنێت.
مەولود چاویشئۆغڵو هەروەها رایگەیاندووە، کە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە، سیستەمی مووشەکیی S400 لە وڵاتەکەیدا دەخرێتە کار.
لە رۆژی12-7-2019ـەوە، رادەستکردنی کەلوپەلەکانی سیستەمە مووشەکییەکە بە تورکیا، دەستی پێ کردووە.
لە ساڵی 2017، ئەنقەرە رێککەوتنێکی لەگەڵ مۆسکۆ واژۆ کرد بۆ کڕینی سیستەمی S400، کە پێشکەوتووترین سیستەمی دژە مووشەکی و دژە فڕۆکەیە و لە رووسیا دروست دەکرێت.
ئەمریکا چەند جارێک هۆشداریی داوەتە تورکیا و رایگەیاندووە، لە ئەگەری کڕینی ئەو مووشەکە رووسییە، چەندین سزا بەسەر تورکیادا دەسەپێنێت.
باسنيوز
