سلێمانی... هێشتا پلانی چارەسەركردنی کێشەی نیشتەجێبوون دانەندراوە

سلێمانی... هێشتا پلانی چارەسەركردنی کێشەی نیشتەجێبوون دانەندراوە
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند وێڕای دروستکردنی ھەزاران یەکەی نیشتەجێبوون، بەڵام تا ئێستە کێشەی نیشتەجێبوون بەردەوامە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی ستراتیجی بۆ چارەسەركردنی ئەو کێشەیە دانەناوە.


خەدیجە عەبدولجەبار ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند كە لە چەند ساڵی رابردوودا تەنھا لە پارێزگای سلێمانی نزیکەی ٤٧ ھەزار مۆڵەتی یەكەی نیشتەجێبوون لە دەستەی وەبەرھێنان وەرگیراون و ١٧ پرۆژەی دیکەش کە ھەزاران یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆ دەگرن و سەر وەبەرھێنان نین، جێبەجێ كراون.


گوتیشی كە جگە لەوانە، ھەزاران یەکەی نیشتەجێبوونی دیکە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە دروست کراون، بەڵام بە داخەوە زۆربەیان تەواو نەکراون و ئەوانەشی کە تەواو بوون، کێشەی کەمی و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویستیان ھەیە.


ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی باسی لەوە کرد کە وێڕای دروستکردنی ئەو ھەموو یەکەی نیشتەجێبوونە، بەھۆی کەموکورتی و قورسی مەرج و گرانی فرۆشتنیانەوە، نەتوانراوە کێشەی نیشتەجێبوون چارەسەر بکرێت، بۆیە پێویستە بۆ لەمەودوا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پلانێکی تۆکمەوە، ڕووبەڕووی ئەو کێشەیە ببێتەوە.


لەبارەی ناوەڕۆکی پلانەکەشەوە، خەدیجە عەبدولجەبار گوتی پێویستە ناوەڕۆکی پلانەکە ئەوەی تێدا بێت کە ساڵانە چەند خێزان زیاد دەبێت و چەندیان پێویستیان بە یەکەی نیشتەجێبوونە، دوای ئەوە لایەنی پەیوەندیدار بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و بردنی خزمەتگوزاری پێویست ڕابسپێرێن و بە نرخی گونجاو تەنھا بەوانە بفرۆشرێنەوە کە کرێچیین و خاوەنی ھیچ یەکەیەکی نیشتەجێبوون نین.


bas news -
Top