میدیاكانی عێراق دیدگای مه‌سرور بارزانی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان به كراوه‌و ئه‌رێنی ده‌بینن
رۆژی شه‌ممه رۆژنامه‌ی فه‌رمی عێراق (الصباح) به‌بایه‌خه‌وه وتاره‌كه‌ی واشنت پۆستی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی هه‌ڵسه‌نگاندووه و ئه‌و به‌شه‌ی په‌یوه‌سته به چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و كرانه‌وه به رووی عێراقدا به ئه‌رێنی و كرانه‌وه‌یه‌كی زیاتر ناوده‌بات و نوسیوویه‌تی: "وتاره‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی كه له میدیاكاندا بڵاوكراوه‌ته‌وه ئیجابی و كرانه‌وه‌یه‌كی زیاتره به‌سه‌ر به‌غدادا و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه ئێستا كاتی هاوبه‌شیی راسته‌قینه‌یه و بۆ رێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌نگاوی پێویست ده‌گرێته‌به‌ر كه له ماوه‌ی شازده ساڵی رابروو به‌رده‌وام گرژی هه‌بووه و ئێستاش كاتی ئه‌وه هاتووه په‌یوه‌ندییه‌كی هاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌بێت".
هه‌روه‌ها له رۆژنامه‌كانی (الزمان و المدی) به گرنگییه‌وه وتاره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانیان بڵاوكرده‌وه و په‌یامه‌كانی ناو وتاره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ به‌غدا به ئومێدبه‌خش ده‌بینن.
چونكه سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌شێكی وتاره‌كه‌ی رۆژنامه ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌دا باسی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ به‌غدا ده‌كات و ده‌ڵێت: "وەك سەرۆك وەزیران، ئه‌م هه‌فته‌یه سه‌ردانی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراقم كرد و به ئامانجی چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كانی نێوانمان له په‌یوه‌ست به نه‌وت، ناوچە جێناکۆکەکان، بودجه و ڕۆڵی هێزه چه‌كداره‌كانمان، كۆمه‌ڵیك پێشنیازم خستنه روو. ده‌مه‌وێ له رێگای دابه‌شكردنی هاوسه‌نگ و دادپه‌روه‌رانه‌ی بودجەوه، رێز له ڕێككه‌وتنه‌كانمان بگیرێت. ئه‌م بڕیاره‌ش ده‌توانێت بناغه‌یه‌كی پته‌وی هاوكاریی نێوانمان بێت بۆ ئایینده. دواڕۆژی ئێمه په‌یوه‌سته به عێراقێكی سه‌قامگیر و دیموكرات".
میدیاكانی عێراق له‌و گۆشه‌یه‌ی باسی په‌یوه‌ستبوونی ئایینده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات به عێراقێكی سه‌قامگیر و دیموكراته‌وه زیاتر رۆچوونه‌ته ناو په‌یامه‌كه و وایده‌بینن قۆناخێكی نوێ له‌نێوان به‌غدا و هه‌رێم بێته ئاراوه، چونكه له به‌غداش حكوومه‌ت گۆڕاوه و عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه كه به كه‌سێكی "كراوه ناوده‌برێت و باوه‌ڕی به كێشه‌ی كورد هه‌یه".
له دوای رووخاندی رژێمی سه‌ددام حسێن له ساڵی 2003، تا سه‌رده‌می كابینه‌ی پێشووی حكوومه‌تی عێراق به سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی، هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵی زۆریداوه مافه‌كانی به‌گوێره‌ی ئه‌و ده‌ستووره وه‌ربگرێته‌وه كه گه‌لانی عێراق له ساڵی 2005 ده‌نگیان بۆدا. به‌ڵام پێشێلكارییه ده‌ستوورییه‌كان و په‌راوێزخستنی ئه‌و بڕگه و مادده ده‌ستووریانه‌ی كێشه‌كانی كوردیان تێدا جێكراوه‌ته‌وه، دۆخه‌كه‌ی به‌ره‌و ئاراسته‌ی به‌ریه‌ككه‌وتن برد. هه‌رێمی كوردستانی گه‌یانده بڕیاری ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی. مه‌سرور بارزانی له وتاره‌كه‌یدا باسی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیشی كردووه و نوسیوویه‌تی: "ساڵی 2017، هه‌رێمی كوردستان ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌نجامدا، ده‌نگدانه‌كه هیچ پابەندبوونێک یان مولزەم نەبوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا 93%ی خه‌ڵك، به (به‌ڵێ) ده‌نگیان دا. ئه‌مه له‌كاتێكدا بوو كه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كرد، له په‌یوه‌ست به مافی بڕیاردانی چارەنووس، پشتگیریی زیاترمان بكات. كاری له‌پێشینه‌مان بونیادنانی كوردستانێكی به‌هێز و سه‌قامگیره، بۆ ئه‌مه‌ش چاومان له پشتگیریی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه. له‌م ڕووه‌وه چاوه‌ڕوانی ددانپێدانان به ڕۆڵی جیهانی و بونیادنه‌رانه‌مان له‌وانه ده‌كه‌ین، كه له پاراستنیاندا هاوكاریان بووین، ئه‌مه‌ش بە هاوكاریكردنمان له بونیادنانی ئابوورییه‌كه‌مان".
سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌ریمی كوردستان له‌و وتاره‌دا ئامانجه‌كانی كابینه‌كه‌شی بۆ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی روون كردووه‌ته‌وه و باسی ئه‌و كێشه و گرفتانه‌شی كردووه كه به‌هۆی شه‌ڕ و نه‌هامه‌تییه‌وه به‌رۆكی خه‌ڵكی كوردستان و ناوچه‌كه‌ی گرتووه و نوسیوویه‌تی: "به‌درێژایی ته‌مه‌نی چه‌ندین نه‌وه، بە هۆی شەڕو ئاڵۆزی، هه‌موو خێزانێك له هه‌رێمی كوردستانی عێراق، زیانی كه‌سیی به‌ركه‌وتووه. چیتر نامانه‌وێ و ناشتوانین به هۆی شەڕو ناکۆکی لایەنەکان و دراوسێكان، كه دەرهاوێشتەیەکی خراپی بە جێهێشتوە، ده‌ستبه‌رداری هه‌ماهه‌نگی و هاوسۆزیی بین، یان ئه‌و قوربانییانه له‌به‌رچاو نه‌گرین، كه خه‌ڵكێكی زۆر داویانه".
سه‌رۆك وه‌زیران به دیدگایه‌كی روونه‌وه سه‌رنجی دۆست و هاوڕێیانی گه‌لی كوردستان و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی راكێشاوه و داوای كردووه له تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌كان و چاره‌سه‌ری كێشه سیاسی و ئابووریه‌كاندا هاوكار و یارمه‌تیده‌ربن، له‌وباره‌یه‌وه نوسیوویه‌تی: "هه‌نووكه كاتی ئه‌وه هاتووه هه‌وڵی زیاتر بده‌ن و كاری له‌مه زیاتر بكەن. سه‌ر له‌نوێ ڕۆڵی نێوه‌ندگیرێکی پاك ده‌گێڕین، كه هه‌مووان متمانه‌ی پێ بكه‌ن. ئه‌مه‌ش له روانگه‌ی دۆستایه‌تی و هاوڕێیه‌تی راسته‌قینه‌وه ده‌كه‌ین. دوای ئه‌وه‌ی پاڵشتیی نه‌گۆڕی خۆمان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی هاوپه‌یمانه‌كانمان نیشاندا، له نێویاندا ئه‌مه‌ریكا، هه‌روه‌ها پابه‌ندیی خۆمان به به‌ها و پره‌نسیپه دیموكراتییه‌كان سه‌لماند. ئێستا پێویستیمان به‌وه‌یه دۆسته‌كانمان، هاوكارمان بن له سه‌رله‌نوێ ده‌ستپێكردنه‌وه".
k24 -
