"لایەنە سیاسییەکان و سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگاکان کۆ دەبنەوە"

ئەندامێکی لیژنەی پارێزگاکان و هەرێمەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، لایەنە سیاسییەکانی عێراق و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەردەوامن بۆ لێکتێگەیشتن لەسەر هەمووارکردنەوەی یاسای یەکەمی هەڵبژاردنی پارێزگاکان.

شێروان دووبەردانی، گوت: "سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران و لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەسەر هەمواری یەکەمی یاسای هەڵبژاردنی عێراق ئەم ئێوارەیە کۆ دەبنەوە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر بڕیاردانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان."

شێروان نایشاڕیتەوە، کە لایەنە شیعی و سوننەکان لەسەر شێوازەکە ناکۆکیی قووڵیان هەیە و ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت ڕەنگە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دووا بخرێت."

گوتیشی: "لایەنەکان لە شێوازی بایۆمەتری و کێشەی کەرکووک و شێوازی سانتلیگۆیی و چەندین پرسی تر دەدوێن، چونکە ئەم پرسانە چارەنووسسازن و ناکۆکیی قووڵیان هەیە."

بڕیارە لە نیسانی ساڵی ٢٠٢٠دا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوە بچێت و هەتا ئێستا دیار نییە کە ئاخۆ لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە دەچێت، یان نا.


kdp -
Top