پەرلەمان، ھەوڵ دەدەین تۆڕێكی میدیایی سەر بە حكوومەت دابمەزرێنین

پەرلەمان، ھەوڵ دەدەین تۆڕێكی میدیایی سەر بە حكوومەت دابمەزرێنین
بڕیاردەری لیژنەی ڕۆشنبیری و كۆمەڵگای مەدەنی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، لیژنەكەیان سەرقاڵی پڕۆژەیاسایەكە بۆ ئەوەی میدیا لە هەرێمی كوردستان بە یاسا ڕێك بخرێت.

موحسین دۆسكی، گوت: "ماوەیەكی زۆرە ھەندێك لە كەناڵەكانی تەلەڤزیۆن و رۆژنامە و میدیای ئەلیكترۆنی لە كوردستان، بێ ئەوەی ئاسایشی نەتەوەیی لە بەرچاو بگرن، ھەواڵی نادروست بڵاو دەكەنەوە و بابەتی ھەستیار دەورووژێنن، كە دەبنە ھۆكار بۆ دروستكردنی دووبەرەكی و پەرتەوازەیی سیاسی و ئیفلیجیی شیرازەی كۆمەڵایەتی".

دۆسكی دەشڵێ: "لە پەرلەمانی كوردستان ئامادەكاری دەكەین میدیا بە گشتی و میدیای ئەلیكترۆنی بە تایبەتی، بە یاسا رێك بخەین و چیتر ھیچ كەس و لایەنێك بۆی نابێت ھەواڵی چەواشەكاری بڵاو بكاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لە پەرلەمانی كوردستان لیژنەی رۆشنبیری كار بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسایەك دەكات".

ڕاشیگەیاند: "ھەوڵ دەدەین لەگەڵ كابینەی نوێی حكوومەت تۆڕێكی میدیایی سەر بە حكوومەت دابمەزرێنین، بۆ ئەوەی ببێتە ژێدەری ھەواڵە دروستەكان".

kdp -
Top