" لە کەرکووک زانیاریی ھەواڵگەری لەسەر گوندە کوردنشینەکان کۆ دەکرێتەوە"

لە کەرکووک و دەوروبەری بە نھێنی زانیاریی ھەواڵگەری لەسەر ناوچە کوردنشینەکان کۆ دەکرێتەوە و ئەندامێکی لیستی برایەتیش دەڵێ، ئەوانەی زانیارییان کۆ کردووەتەوە داوای چۆڵکردنی گوندە کوردنشینەکانیشان کردووە.



جوان حەسەن، ئەندامی لیستی برایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: "ئەو ھێزانەی ئێستا لە کەرکووکن، ماوەیەکە خەریکی کۆکردنەوەی زانیاریی ھەواڵگەرین لەسەر ناوچە کوردنشینەکانی کەرکووک و دەوروبەری، ئەمەش پیلانێکی دیکەیە دژی کەرکووک بەڕێوە دەچێت و کۆکردنەوەی زانیاریی ھەواڵگەری مەبەستی خۆی ھەیە."



ئەندامەکەی لیستی برایەتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە نھێنی سەردانی ناوچەی شوان و چەند ناوچەیەکی دەوروبەری کەرکووک و قەزا و ناحیەکان کراوە و تێیدا فۆڕمیان دابەش کردووە و پرسیاری ئەوەیان لە ھاووڵاتییان کردووە چەند سەر خێزانن و کێ سەردانی ئێوە دەکات و چەند زانیاریی ھەواڵگەری لەسەر ھاووڵات یان کۆ کراوەتەوە."



حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ژمارەیەک لەو گوندانە تورکمانن، ھەتا زانیاریی ئەوەمان پێ گەیشتووە ئەوانەی زانیاریی ھەواڵگرییان کۆ کردووەتەوە بە ژمارەیەک گوندنشینیان ڕاگەیاندووە پێویستە گوندەکانتان چۆڵ بکەن."



جوان حەسەن نەیشاردەوە ھێزی ئەمنی دەستی ھەیە لە کۆکردنەوەی زانیاریی ھەواڵگری لەسەر ھاووڵاتیانی کورد و دەشڵێت: "ئەو ھێزانە دەستیان ھەیە لەو پیلانە و پڕۆسەی داگیرکاری و عەرەباندنی کەرکووک بەردەوامە."

kdp-
Top