ئەمڕۆ ڕۆژی ژینگەی کوردستانە

ئەمڕۆ ڕۆژی ژینگەی کوردستانە
لە ڕابردوودا حکوومەتە دەسەڵاتدارەکانی عێراق جیا لە دوژمنایەتیی نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستان، هاوکات بە پیلانی جۆراوجۆر دژی ژینگە و سروشتی کوردستان بوون، بۆیە جیا لە جینۆسایدی نەتەوەیی ڕژێمی بەعسی رووخاو بە ڕووخانی سەدان گوندی کوردستان، بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دوژمنێکی دڵڕەقی ژینگەی کوردستان بووە.

بۆیە دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو پاراستنی ژینگەی کوردستان و دروستکردنی کولتووری ژینگەپارێزی، ڕۆژی کیمیابارانکردنی ناوچەی "شێخ وەسان و باڵیسان" کە ڕژێمی بەعس ئەنجامی دا، بە ڕۆژی ژینگەی کوردستان دیاری کراوە.

بۆ یەکەم جار چەکی کوشندە بەرامبەر ناوچەی "شێخ وەسان و باڵیسان" بەکار ھێنا و ئێوارەی ١٦/٤/١٩٨٧ ڕژێمی ڕوخاوی بەعس ئەو ناوچانەی کیمیا باران کرد، واتە دۆڵی بالیسانی خۆشناوەتی یەکەمین قوربانیی چەکی کیمیاویە، ئەو کیمیابارانکردنە ٢٦٤ ھاووڵاتی شەھید و زیاتر لە ٤٠٠ ھاوڵاتی برینداری لێ کەوتەوە، لە یادی ئەو ڕۆژە ویژدان ھەژێندا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ یادی ئەو قوربانیانە و ڕێزگرتن لە سروشت و ژینگەی کوردستان ڕۆژی 16ی مانگی نیسانیان وەک ڕۆژی ژینگەی وکردستان دیاری کردووە و هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا دامودەزگاکان و ڕێکخراوەکانی پاراستنی ژینگە لە کوردستان بە دەیان چالاکی بەڕێوە دەبەن.

بەم بۆنەوە ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکدا ئاشکرای کرد لە ڕابردوودا شەڕ کاریگەریی خراپی لەسەر ژینگەی کوردستان هەبووە.

ئەمڕۆ سێشەممە 16-4-2019، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمێک لە شاری هەولێر بەبۆنەی رۆژی ژینگە، رایگەیاند، پیسبوونی ژینگە مەترسییەکی گەورەیە لە جیھاندا و دەبێ چارەسەر بکرێت. جیھان پێویستیی بە ھەماھەنگیی زیاتر و تێگەیشتنێکی باشترە لەو مەترسییە.

نێچیرڤان بارزانی هەروەها رایگەیاند، دوژمنانی گەلی کوردستان بە درێژایی سەدەی رابردوو، هەوڵیان داوە ژینگەی کوردستان تێک بدەن و ئەوەی لە دەستیان هاتبێ لە پیسکردن و تێکدانی ژینگەی کوردستان، کەمتەرخەمییان تێدا نەکردووە.









باسنيوز
Top