داستانی کۆڕێ.. ئەو شەڕەی رژێمی بەعسی ناچار بە دانوستان کرد
ھەر کەس لە کۆڕێوە بەرەو شەقڵاوە رۆیشتبێت، چاوی بە مۆنۆمینتی چەند تانک و دەبابەیەک کەوتووە، کە بە دەستی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە شەڕی داستانی کۆڕێدا تێک شکێنراون، ئێستا ئەو مۆنۆمینتە بۆ رێزلێنانی ئەو داستانە و شەھیدانی، بە شێوەیەک رازێنراوەتەوە تەنانەت گەشتیارە عەرەبەکانیش وێنەی لێ دەگرن.
پێشتر کەس باسی ئەوەی نەدەکرد، ئەو داستانە لەلایەن پێشمەرگەی چ حزب و ھێزێکی سیاسییەوە ئەنجام دراوە، بەڵکوو خەڵکی کوردستان، وەکوو شانازییەک، کە بەو شەقامەدا دەڕۆیشتن، لایان دەدا و دەچوون وێنەیان لەگەڵ تانک و دەبابەکاندا دەگرت کە بە دەست و بازووری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان تێک شکێنراون.
بەڵام ئێستا، ھەندێ سەرکردە و کەسی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەیانەوێ لە رێی میدیای سێبەر و فەرمیی حزبەکەیانەوە، رای گشتی لەسەر ئەو داستانە چەواشە بکەن و سەروەرییەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان تەنیا بۆ خۆیان بببەن، بەڵام کورد گوتەنی، “بەری خۆر بە بێژینگ ناگیرێت” و حەقیقەتی مێژوویی جێگیر بووە و بە قسەی بریقەدار سەرەوژوور نابێتەوە، ئەمە جیا لەوەی ئەوان لە کاتێکدا ئەو چەواشەکارییە دەکەن کە ھێشتا بەشێک لە سەرکردە مەیدانییەکانی ئەو شەرە لە ژیاندان و شاھیدی زیندووی رووداوەکانی ئەو داستانەن.
سێ رۆژ پێش داستانی کۆڕی، واتە رۆژی ٣-٤-١٩٩١ لە سنووری رواندز و سۆران، سەرۆک مەسعود بارزانی کە ئەوکات سەرۆکی بەرەی کوردستانی بوو، لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا کە خەڵکیکی زۆر ئامادەی بوون، لە وتارێکدا ورەی خەڵکی بەرز کردەوە و گوتی: “ئەگەر ھیمەت ھەبێ و نیاز و ئەگەر دەستیش پاک بێ، دڵنیاتان دەکەمەوە دوژمن ھیچ نییە و ئەوەشی بەدەستی ھیناوە لە چەند رۆژی داھاتوو لێی دەستێنینەوە”.
سەرۆک بارزانی ھەروەھا روو لە جەماوەر رای گەیاند: “بۆ کوی دەچن؟ ژیانی پەناھەندەیی لەو وڵات یان ئەو وڵاتی تر، ژیانێکی تاڵ و ناخۆشە، مردن لەسەر خاکی کوردستان سەد ھەزار جار پیرۆزتر و سەربەرزانەترە لەوەی مرۆڤ لە ئەوروپا یان لە ھەر وڵاتیکی تر پەناھەندە بێت”.
سەرۆک بارزانی جەماوەری دڵنیا کردەوە گوتیشی: “ورەی پێشمەرگە بەرزە، یەک بەڵێنتان دەدەینێ، دوژمنان یان بەسەر لاشەی ئێمەدا دینەوە بۆ کوردستان، یان دوژمن نایەتەوە بۆ کوردستان”
لەمبارەیەوە، عومەر عوسمان، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی و فەرماندەی پێشمەرگەی ئەوکاتی داستانی کۆڕێ، رای گەیاند، مێژوو دەبێت وەکوو خۆی بنووسرێت و باس بکرێت، بەداخەوە بۆ خەڵکانێک کە دەست بۆ شێواندنی دەبەن، گوتی: ”بۆ مێژوو شایەدی دەدەم و سوێند بە کوردستان و گۆڕی شەھیدان دەخۆم، کە لە ھێرش و شەڕی یەکەمدا لە ٧ی مانگ، تەنیا پێشمەرگەی پارتی شەڕیان لەبەرامبەر بە ھێرشەکەی رژێمی سەدام کرد و لەو سەنگەرە بوون و ھێرشەکەیان تێکشکاند، جگە لەو پێشمەرگانەی لەگەڵ ئێمە بوون، ھیچ کەسێکی تر لەوێدا نەبووە، بەڵام بە چەند سەعاتێک دوای شەڕەکە، خەڵکێکی زۆر لەوێ کۆبوونەوە“.
گوتیشی: “بەداخەوە، دوای ئەو داستانەی لە شەڕی یەکەم پێشمەرگەکانی پارتی بە شکاندنی تانک و دەبابەکان تۆماریان کرد، خەڵکانێک دوای چەند رۆژێک چوونە سەر دەبابەکان و وێنەیان گرت، ئێستا ھەوڵ دەدەن لەپەنای ئەو وێنانەوە ئەو سەروەرییە بۆ خۆیان بدزن”.
ئاماژەی بەوەش دا، حەقیقەتی شەڕەکە ئەوەیە کە رۆژی ٧ی مانگ، ھێزەکانی رژێمی بەعس بە تانک و چەکی پێشکەوتووی ئەو سەردەمەوە، لە ھەولێرەوە بەرەو پیرمام دەھاتن، ھەندێ بەرگریی بچووک لە خانزاد و بەرزاییەکانی پیرمام کرا، بەڵام ھێزی پێشمەرگە خۆی بۆ شەڕی کۆڕێ ئامادە کردبوو.
گوتی: ”کاتێک ھێزەکانی رژێمی ئەوکاتی عێراق گەیشتنە پیرمام، ھیچ ھێزێکی پێشمەرگە و خەڵک لە پیرمام نەمابوون، بەتەواوی چۆڵ کرابوو، بەڵام ھێزی پێشمەرگە، کە لە کۆڕێ بوو، مەفرەزە و ھێزێکی بارزان بوو، بە سەرپەرشتیی دکتۆر سەعید ئەحمەد بارزانی، مەفرەزەیەکی حالی دۆڵەمەڕیش ھات، مەفرەزەیەکی لقی دووی پارتیش، کە من لەگەڵیان بووم، ئەوکات دوای ھاتنمان، چوومە شەقڵاوە- سەرمەیدان، ھەندێ برینداری لێ بوو ڕەوانەم کردن و گەڕامەوە بۆ کۆڕێ، یەکێک لەو پێشمەرگانە خالید ئاژگەیی بوو، کە لەگەڵ من بوو، دواتر حەمیدە فەندی و شەھید حالی دۆڵەمەڕی، کە لەلای سەرۆک بارزانی بوون، ھاتن و فەرمانی سەرۆکیان پێ بوو، فەرمانەکە ئەوە بوو (کە نابێت بە ھیچ شێوەیەک سوپای رژێمی بەعس لە کۆڕێ دەرباز بێت و پێشڕەویی زیاتر بکات)، ئەوە بوو شەڕەکە لە ٧ی مانگ دەستی پێ کرد و دوژمن زۆر بەخراپی شکا و چەند تانک و دەبابەی شکێنرا و سووتا، دواتر خەڵکی دیکە ھات و جەبھەکان داندرانەوە”.
لەبارەی شەڕی دووەمیشەوە، ئەو فەرماندەیەی ئەوکاتی پێشمەرگە ئاشکرای کرد، لە شەڕی دووەمدا ھەموو ھێزەکانی بەرەی کوردستانی بوونیان ھەبووە لە کۆڕێ، گوتی: “تەنانەت ھێزەکانی ئەوکاتی حزبوڵاش بوونیان ھەبوو، کە دوای سێ رۆژی دیکە، لە شەڕی یەکەم لە بەرەبەیانی ١١ی مانگ بۆ جاری دووەم ھێزەکانی رژێمی بەعس ھێرشیان ھێنایەوە، لەو کاتە شاندێکی کوردستان لە رووی سیاسییەوە خۆی ئامادە کردبوو بڕواتە بەغدا، بەڵام تاوەکوو لە شەڕی دووەمیش نەشکان، رژێمی بەعس وەڵامی چوونی شاندەکەی نەدایەوە، دوای ئەو شکستە گەورەیەی لە شەڕی دووەمیش بەعس دووچاری ھات، کە ئەو سەرکەوتنەشیان بە خوێنی دوو شەھیدی پێشمەرگەی پارتی (عەلی بابکەیی و محەمەدئەمین بابکەیی) تۆمار کرا، لەگەڵ برینداربوونی لیوا (عوسمان پیرانی) جێگری فەرماندەی بارزان، کە دواتر لە سوڵتان عەبدوڵا شەھید بوو، ئیتر لێرەو لەوێ خەڵکی دیکە بەر بۆردومانی تۆپ کەوتووە، ئەوانە راستەوخۆ لە شەڕدا نەبوون، دوای ئەو سەرکەوتنە بەرھەمەکەی ئەوە بوو، شاندەکەی کوردستان چووە بەغدا و دانوستان دەستی پێ کرد و دەسەڵاتی ئەوکاتی عێراق بەناچاری دانی بە ھەرێمی کوردستاندا نا”.
ئەو فەرماندەیەی ئەوکاتی پێشمەرگە، جەختی لەوە کردەوە، ئەوەی دەیڵێت حەقیقەتە و نە بە یەکێتی و نە بە ھیچ ھێز و خەڵکی دیکە ئەو سەروەرییە لە سەرۆک بارزانی، کە راستەوخۆ لەپشت ئەو سەرکەوتنەوە بووە، ناسەندرێتەوە، گوتی: “ئەوانەی دەڵێن ئێمە ١٠ شەھید و پارتی دوو شەھیدی ھەبووە، شەھیدی راستەوخۆی شەڕی دووەم ئەو دوو پێشمەرگە قارەمانە بوون و ھیچ کەسی دیکە لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆدا شەھید نەبووە”.
ھاوکات، حەمیدە فەندی، فەرماندەی ئەوکاتی پێشمەرگە رای گەیاند، لە شەڕی یەکەمدا، تەنیا ھێزەکانی پارتی لە کۆڕێ بوون، کە ئەو دەبابە و تانکە تێکشکاوانەی رژێم ئێستا لەسەر ڕێگەی کۆڕێ -شەقڵاوە داندراون، پاشماوەی ئەو شەڕەن، گوتی: ”لە شەڕی دووەمدا پێشمەرگەکانی یەکێتی و لایەنی دیکە و تەنانەت خەڵکی خۆبەش و بەرەی کوردستانی ھاتن و بەشدارییان لە شەڕەکەدا کرد، بەڵام لە شەڕی یەکەمدا، رژێم چاوی شکێنرابوو، شەڕی دووەم بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ئاسانتر بوو، چونکە بە ورەیەکی بەرزەوە شەڕی دەکرد و ھێزەکانی بەعس ھەرچەندە زۆر بوون و چەکی قورسیان بەدەستەوە بوو، بەڵام لەبەرئەوەی ورەیان نەمابوو و پێشتر شکابوون، نەیانتوانی ھیچ پێشڕەوییەک بکەن کە لەو شەڕەدا کوژراو و بریندار و تەنانەت دیلیشیان ھەبوو“.
ئاماژەی بەوەش دا، بەداخەوە ئێستا ھەندێ لە خەڵکانی یەکێتی، دەیانەوێ ئەو داستانە گەورەیە، کە مێژوو شایەدیی بۆ دەدات و یەکێک بووە لەو قۆناغانەی، کە دۆخی کوردستانی گۆڕیوە، بۆ خۆیان بدزن، گوتی: ”راستییەکەی ئەوەیە، لە شەڕی دووەمدا ھەندێ پیشمەرگەی یەکێتی لەوێ بوون، بەڵام ژمارەیەکی کەم بوون، پێشمەرگەی حزبەکانی دیکەشمان بینیوە، بەڵام لەناو پێشمەرگەکانی لایەنەکاندا دوور و نزیک لەو شەڕەدا چاومان بە قادر عەزیز نەکەوتووە، کە وەکوو دەڵێن لەبارەی شەڕی کۆڕێ نووسیویەتی، لەڕاستیشدا کەس بە دۆی خۆی ناڵێت ترشە، بەڵام مێژوو شتێک نییە خاوەنی نەبێت بیکەیت بە ھی خۆت، بەتایبەتی میژووی تازە کە ئێستا زۆربەی ئەوانەی بەشدار بووین لە ژیاندا ماوین“.
لای خۆشیانەوە، فەرماندە مامک شێخۆ، بەشداربووی داستانی کۆڕێ رای گەیاند، ئەوان بەرەبەیانی ڕۆژی ١١ی نیسان، لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی، لە سپیلکەوە، بۆ پێشگرتن لە ھاتنە پێشەوەی ھێزەکانی بەعس و ھاوکاریی ھێزەکانی دیکەی پێشمەرگە، بەرەو کۆڕێ رۆیشتوون، گوتیشی: “کە گەیشتینە کۆڕێ، کەوتینە ناو شەڕەکە و لەو شەڕەیاندا، کە دووەم شەڕ بوو، ژمارەیەک ھێزی بەرەی کوردستانیی لێ بوو، بەڵام زۆرترین ھێزی پێشمەرگەی پارتی بوو لە کۆڕێ، بە سەرپەرشتیی (دکتۆر سەعید ئەحمەد نادر) کە ئەوکات فەرماندەی ھێزی بارزان بوو».
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: «ڕۆژی ١١ی نیسان، شەڕێکی سەخت رووی دا، دیسان ھێزی پێشمەرگەی کوردستان توانیی بەرگری بکات و زیانی گەورەش بەر ھێزەکانی دوژمن کەوت، بە جۆرێک، کە ھێزەکانی دوژمن ھیچ ورەیان نەمابوو، ئیدی ئەو ڕۆژە بووە دواڕۆژی شەڕی ئێمە و ڕژێمی بەعس.»
مامک شێخۆ گوتیشی: «بۆ ڕۆژی ١٢ی نیسان، ئێمە لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بووین، لە سەنگەرەکانی پێشەوە بینیمان ئۆتۆمبێڵێکی جێب لە پیرمام بەرەو کۆڕێ ھات، سەرەتا ژمارەیەک پێشمەرگە تەقەیان لەو جێبەکە کرد، بەڵام دواتر بینیمان ئاڵای سپیی پێوەیە و بڕیارمان دا تەقە نەکرێت، تا بزانین چی دەوێت، جێبەکە گەیشتە نێو کۆڕێ و ئامر لیوایەکی سوپای عێراقیی تێدا بوو، پەیامێکی ڕژێمی پێ بوو کە تێیدا داوای دانوستانی دەکرد”.
جەختی لەوەش کردەوە، کە داستانی کۆڕێ بووە ھۆکاری دەستپێکردنی دانوستان لەنێوان بەرەی کوردستانی و حکوومەتی بەعس، چونکە دوای داستانی کۆڕێ، ئیدی ڕژێم گەیشتە ئەو باوەڕەی کە ھێزی پێشمەرگە لە ناوچە شاخاوییەکان بەرگری دەکات و ناتوانن پێشڕەوی زیاتر بکەن.
گوتیشی: «راستە ژمارەیەک ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە لایەنە سیاسییەکان لە داستانی کۆڕێدا لە شەڕی دووەم بەشدارییان کرد، بەڵام پشکی شێر لەوەشیاندا بەر پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەوێت، لەبەرئەوەی، ڕاستە ئەوانیش ھاوسەنگەری ئێمە بوون، بەڵام شەڕە قورسەکە زیاتر لەسەر شانی ئێمە بوو، شکاندنی تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازیی ڕژێم و شەھید و برینداربوونی پێشمەرگەکانی پارتی، گەواھیی ئەو ڕاستییەن، ھەرچەندە گرنگ لای ئێمە ئەوە بوو، کە کورد سەر کەوت و ڕژێم ناچار بوو سازش بۆ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و ھێزی پێشمەرگە بکات».
باسنيوز
