فراکسیۆنی پارتی پەیامێک بەبۆنەی کیمیابارانکردنی بالیسان بڵاو دەکاتەوە

 فراکسیۆنی پارتی پەیامێک بەبۆنەی کیمیابارانکردنی بالیسان بڵاو دەکاتەوە
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان پەیامێک بەبۆنەی رۆژی ژینگە و ساڵوەگەڕی کیمیابارانکردنی بالیسان بڵاو دەکاتەوە.



لە پەیامەکەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە 16-4-2019 بڵاوی کردووەتەوە، فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بە تاوانە دژەمرۆڤایەتییەکانی رژێمی بەعسی عێراق کردووە و هۆشداریی داوە، کە ئەگەر ”هەوڵی بونیاتنانی کوردستانـێکی بەهێز و یەکگرتوو نەدەین، ئەوا دەبێ چاوەڕێی هەموو تاوانێکی قێزەوەن و دژەمرۆڤایەتی لە دوژمنان و داگیرکەران بکەین“.



فراکسیۆنی پارتی داوا لە حکوومەت و دامودەزگاکانی دەکا ئاوڕی جددی لە بالیسان، شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی بدەنەوە و خزمەتگوزاری بۆ خەڵکەکەی دابین بکەن، کە شایانی خەبات و قوربانیدانی خەڵکەکەی بێت.



رۆژی 7-4-2008، پەرلەمانی کوردستان رۆژی 16ـی نیسان (ساڵوەگەڕی کیمیابارانکردنی بالیسان، شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی)ی وەک رۆژی ژینگە ناساند.



رۆژی 16-4-1987، رژێمی بەعس بۆ یەکەمجار لە کوردستان، بە چەکی کیمیاوی بالیسان و دۆڵی خۆشناوەتی کیمیاباران کرد و بەهۆیەوە 264 هاووڵاتی شەهید بوون و 400ـی دیکە بریندار بوون.



دەقی پەیامەکەی فراکسیۆنی پارتی:



پەیامی فراکسیۆنی پارتی

لە ساڵوەگەڕی کیمیابارانکردنی بالیسان و دۆڵی خۆشناوەتی



ئەمڕۆ 32 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی شارۆچکەی بالیسان، گوندی شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی لەلایەن رژێمی بەعـسی عێراقی تێ دەپەڕێت.



رژێمی بەعس بە درێژایی حوکمی خۆی وەک داگیرکەرێک لە کوردستان، دەیان و سەدان تاوانی دەرهەق بە گەلی کوردستان ئەنجام دا، کە قێزەوەنترینیان کیمیابارانکردن، ئەنفال و وێرانکردنی زیاتر لە چوار هەزار گوندی کوردستانە.



کیمیابارانکردنی بالیسان و دۆڵی خۆشناوەتی لە 16ـی نیسانی 1987، کە بووە هۆی شەهیدبوونی 264 هاووڵاتیی مەدەنی و بریندربوونی 400 کەسی دیکە، بۆ هەموومان دەسەلمێنێت، کە ئەگەر هەوڵی بونیاتنانی کوردستانـێکی بەهێز و یەکگرتوو نەدەین، ئەوا دەبێ چاوەڕێی هەموو تاوانێکی قێزەوەن و دژەمرۆڤایەتی لە دوژمنان و داگیرکەران بکەین.



جێی دڵخۆشییە پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی 16 / 4/ 2007 رۆژی 16ـی نیسان (ساڵوەگەڕی کیمیبارانکردنی بالیسان)ی وەک رۆژی ژینگەی کوردستان دەستنیشان کردووە، بەو هیوایەی بە پاکڕاگرتنی ژینگە و چاندنی دار و درەخت، ڕێزی ئەو خاكەبگرین كە شەهیدانمان ڕۆحیان پێشكەشكرد.



جێی داخە ئەگەرچی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوه‌تی بەردەوام لانکەیەکی شۆڕش بوون و بوونەتە یەکەم قوربانیی چەکی کیمیایی بەعس، بەڵام حکوومەت و دەزگاکانی لە دۆڵی خۆشناوەتی، کەمترین خزمەتگوزارییان بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە دابین کردووە.



هیوادارین حکوومەت ئاوڕێکی جددی لەو ناوچەیە بداتەوە، کە شایانی خەبات و قوربانیدانی خەڵکەکەی بێت.



فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان

Top