وەزارەتی دارایی لەبارەی مووچە پاشەکەوتکراوەکان روونکردنەوە دەردەکات
بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی، لەبارەی چۆنیەتیی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆران روونکردنەوە دەدات.
مستەفا سەعید، بەڕێوەبەری تەکنەلۆژیای بانکەکان لە وەزارەتی دارایی، راگەیاند، پێشنیاریان کردووە بۆ ئەنجومەنی وەزیران کە ئەگەر ھەموو فەرمانبەران حیساب بانکییان بۆ بکرێتەوە، بە رەقەم بڕی پاشەکەوتی مووچە بخرێتە سەر حیساب بانکی فەرمانبەران.
زیاتر گوتیشی: «تاوەکوو ئەو پاشەکەوتی مووچەیەی ھەیە ھەمووی نەبێتـە ماڵ لەسەر حکوومەت، ئەگەر پارەی کاشیش لەبەردەست نەبێت، مانگانە رەقەمێک بخرێتە سەر حیساب بانکی فەرمانبەران، ئەگەر لە سەرەتاشەوە بەم جۆرە بکرایە، ئێستا ئەو ھەموو بەرپرسیاریەتییە داراییە نەدەکەوتە ئەستۆی حکوومەت».
ئەو دووپاتیشی کردەوە، حکوومەت زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلاری پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران قەرزارە.
لە شوباتی ٢٠١٦، حکوومەت بڕیاری لە پاشەکەوتکردنی مووچەی فەرمانبەران دا، لە ئاداری ٢٠١٨ رێژەی پاشەکەوت کەم کرایەوە، لە ئاداری ٢٠١٩دا بە یەکجاری سیستەمەکە ھەڵگیرا.
مستەفا سەعید، جەخت دەکاتەوە، تاکە چارەسەر ئەوەیە، مانگانە بڕێک پارە وەکوو رەقەم بخرێتە سەر حیسابی بانکیی فەرمانبەران، دەشڵێت: «بۆ نموونە، مانگانە ھەر فەرمانبەرێک ٥٠٠ ھەزار یان یەک ملیۆن دینار بچێتە سەر حیساب بانکییەکەی، ئەوەش بۆ حکوومەت زۆر گران نییە و چارەسەرێکی باشە بۆ ئەو پرسە».
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوە دەکات: «دەکرێت پاش ئەوەی پارەکە دەچێتە حیساب بانکیی فەرمانبەران، بە رێکاری تایبەت پارەی کرێی ئاو و کارەبا و باج و پێشینەکان بدرێتەوە، دەکرێت بە رەقەم لە حیسابی فەرمانبەر بچێتەوە بۆ حیساب بانکی حکوومەت، بەم جۆرە فەرمانبەر و حکوومەتیش دەتوانن لەو پرسە سوودمەند بن».
مستەفا سەعید، لەگەڵ ئەوەدا نییە ئەزموونی چەکی بەڵێندەران بۆ پرسی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە دووبارە بکرێتەوە، گوتیشی: «چەند ساڵێک پێش ئێستا حکوومەت بەھۆی نەبوونی پارەی کاش، بە چەک قەرزی بەشێک لە بەڵێندەرانی دایەوە، دۆخێکی خراپ دروست بوون و بازرگانییەکی زۆری پێوە کراوە، بۆیە نابێت لە گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە ئەو ھەڵەیە دووبارە بکرێتەوە».
ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رای گەیاندووە: «لە پڕۆژە یاسای چاکسازیدا بڕگەیەکی تایبەت بە چۆنیەتیی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە لە رێگەی حیساب بانکی فەرمانبەران ھەیە، ھەروەھا بۆ ئەو پرسەش لەگەڵ بەغدا گفتوکۆ دەکەین».
