پەروین عەزیز: زیاتر لە ٣٠٠ گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانیانی کورد لە عێراق ھەیە
پەروین نووری، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەپێی ئەو ڕۆپێوەی لە عێراقدا کراوە سەرووی ٣٠٠ شوێن ھەن کە گۆڕی بەکۆمەڵیان تێدایە و زۆربەی گۆڕەکانیش ھی قوربانیانی کوردن، ھەر لە ئەنفالی بارزانییەکانەوە بگرە تا گەرمیان و جافایەتی و تۆپزاوە، ئەو ٣٠٠ ناوچەی گۆڕی بەکۆمەڵ بەشێکیان کاریان تێدا کراوە، بەشێکی زۆریشیان ھێشتا ماون و کاریان لەسەر نەکراوە."
بەڕێوەبەری پێشووی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەشڵێت: "ھەر ناوچەیەک لەوانەیە زیاتر لە گۆڕێکی تێدا بێت، چونکە ناوچە ھەیە ١٠ گۆڕی بەکۆمەڵی تێدایە، دەشتی بۆسەیە و نوگرە سەلما پڕن لە گۆڕی قوربانیانی کورد، چونکە تا ئێستا ٢٦٠٠ ڕۆفات گەڕێندراونەتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەوەش دڵۆپێکە لە دەریایەک."
نووری گوتیشی: "لە ساڵی ٢٠١٣ بە دوو تیم سەردانی ناوچەکانی عێراقمان کرد و بۆمان دەرکەوت شوێن ھەیە چەندین گۆڕی بەکۆمەڵی تێدایە، پێویستە ھەموو ھەوڵێک بدرێت و ئەرکی ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و فیدڕاڵە کار بۆ ئاشکراکردن و ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی قوربانیانی جینۆسایدی کورد بکەن."
پەروین نووری ڕوونی کردەوە: "بەپێی ئەو گۆڕانەی ھەڵدراونەتەوە و ڕۆفاتەکانی لە ساڵانی ڕابردوو گەڕێندراونەتەوە بۆ کوردستان بەشێکیان پێشتر گوللەباران کراون، ئینجا وەژێر خاک نراون، لەبەر ئەوەی قەوانەی زۆر لە دەوروبەری گۆڕەکان مابوون، لاشەی شەھیدەکان شوێنی پێکانیان پێوە دیار بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆفات ھەبوون جێگەی ئەشکەنجەدانی پێوە بوو و لەژێر ئەشکەنجەدا شەھید کرابوون، بەشێکی دیکەی قوربانیان دەست و چاویان بەسترابوو، لەوانەیە ھەر بە پێشدێنی خۆیانەوە شەھیدکرابن، ھەشە زیندە بەچاڵ کراون، ھەمووی تێدای ئیدی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس بە زۆر شێوەی دڕندانە کوردی لەنێو بردووە."
kdp-
