بنەماڵەی تاریقی بەقاڵ بە گومانەوە لە کەیسی بکوژانی ڕۆڵەکەیان دەکەن
تاریق ڕۆستەم ناسراو بە تاریقی بەقاڵ، ئەو کەسەیە کە ڕۆژی ١٨ی ١٢ی ٢٠١٨ لە پاش داخستنی دووکانەکەی، بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە بێسەروشوێن بوو، بەڵام دوای چوار مانگ، دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی، باندێکی کوشتن و دزیکردنیان ئاشکرا کرد و دوو تەرمیان هەڵدایەوە کە باندەکە کوشتبوویانن و یەکێکیان تاریقی بەقاڵ بوو.
بەپێی زانیارییەکان کە لە بنەماڵەی تاریقی بەقاڵەوە دەست کەوتووە، تاوەکوو ئێستا ڕاپۆرتی توێکاریی تەرمی تاریقی بەقاڵ کە بەمەبەستی لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر چۆنیەتیی کوشتنەکەی کراوە، ئاراستەی دادگا و بنەماڵەی کوژراوەکە نەکراوە. بۆیە بنەماڵەی تاریقی بەقاڵ گومانیان لە کۆشتی کوڕەکەیان ھەیە، چونکە لەکاتی دەرھێنانی تەرمەکە، باس لەوە دەکەن کە تەرمەکەی شی نەبووەتەوە، لە کاتێکدا تەرم دوای ٤ مانگ تاڕادەیەکی بەرچاو شی دەبێتەوە، ئەمەش گومانی لای بنەماڵەکەی درووست کردووە.
هەر لەمبارەیەوە کەسێکی نزیکی تاریقی بەقاڵ ڕايگەیاند، ھەرچەندە بکوژانی تاریق دەستگیر کراون، بەڵام ئێمە ھەموو گومانێک لەسەر کوشتنەکەی دەکەین، چونکە ئەو ڕۆژەی تەرمەکە دۆزرایەوە، داوامان لە دەزگا ئەمنییەکان کرد کە ئێمەش وەکوو بنەماڵەی تاریق بچینە شوێنی ڕووداوەکە و ئاگاداری دیمەنی دەرھێنانی تەرمەکە بین، بەڵام ”داواکارییەکەی ئێمەیان ڕەت کردووەتەوە".
ئەوەی کە زیاتر گومانی لای بنەماڵەی تاریقی بەقاڵ درووست کردووە، ئەوەیە کە تائێستا ڕوون نییە ئایا تاریقی بەقاڵ، ئەو شەوەی کە ڕفێنراوە کوژراوە و تەرمەکەی لەژێر خاکدا شاردراوەتەوە، یان کاتی شاردنەوەی تەرمەکە بۆ ماوەیەک دوای بێسەروشوێنبوونەکەی دەگەڕێتەوە، چونکە لەکاتی دەرھێنانی تەرمەکەدا جەستەی تاریقی بەقاڵ وەک جەستەی کەسێک شی نەبووەتەوە کە نزیکی چوار مانگ لەژێر خاکدا نێژرابێت.
پێشتر میدیاکان ئاشکرایان کرد کە یەکێک لە ئەندامانی باندەکەی کوشتن و دزیکردن، کارمەندی دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی و کوڕی ئەفسەرێکی ئاسایش بووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی بێسەروشوێنبوونی تاریقی بەقاڵ، بنەماڵەکەی لەبەردەم مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆپیشاندانێکیان ئەنجام دا و داوایان لە یەکێتی و دەزگا ئەمنییەکانی شارەکە کرد، چارەنووسی کوڕەکەیان ئاشکرا بکەن.
باسنيوز
