گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ھۆکاری حاڵەتەکانی کوشتن ئاشکرا دەکات

گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ھۆکاری حاڵەتەکانی کوشتن ئاشکرا دەکات
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رای گەیاند، ڕووداوەکانی کوشتن لە شاری سلێمانی پەیوەندییان بە کێشەی کۆمەڵایەتییەوە ھەیە و ھیچ ڕووداوێک بە شاراوەیی نامێنێتەوە.

حاڵەتەکانی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر زیادیان کردووە و ئێمەش وەک پۆلیس ھەۆڵی بنەبڕکردنی بەکارھێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەر دەدەین.

نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای گەیاند: "لە ماوەی ھەفتەیەکدا سێ حاڵەتی کوشتن لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕوویان داوە، بەڵام ڕووداوەکان لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی بوون و ھیچ پەیوەندییەکییان بە ئارامیی شاری سلێمانییەوە نییە، بێگومان ھێزەکانی پۆلیسی سلێمانی ھەوڵی دەستگیرکردنی بکوژی تاوانەکانی کوشتن دەدەن و ھیچ ڕووداوێک بە شاراوەیی نامێنێتەوە".

گوتیشی: "ڕووداوەکانی کوشتن تەنیا لە شاری سلێمانی ڕوویان نەداوە، بەڵکوو ئەو ڕووداوانە لە ھەموو وڵاتێکی دنیا ڕوو دەدەن، بەڵام ئێمە ھەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە ھێزەکانی پۆلیس ھەوڵی بنەبڕکردنی حاڵەتەکانی کوشتن دەدەن و هەوڵ بۆ و دەستگیرکردنی تاوانباران دەدەن.

لەبارەی داڵدەدانی بکوژی تاوانەکان، نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، ئاماژەی بەوەش دا: "ئێستا ھیچ تاوانبارێک داڵدە نادرێت و ئەگەر بزانین تاوانبارێک داڵدە دراوە، ڕاستەوخۆ ھێزەکانی پۆلیس تاوانبارەکە و ئەو کەسەش کە تاوانبارەکەی داڵدە داوە دەستگیردەکەن، بۆیە ھاووڵاتییانی شاری سلێمانی دڵنیا دەکەینەوە ھێزەکانی پۆلیس بەردەوام ھەوڵی ئەوە دەدەن شاری سلێمانی لە ڕەوشێکی ئارامدا بێت".

گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئەوەشی خستە ڕوو: "بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوان 29 كه‌سیان به‌ تۆمه‌تی‌: (دزیكردن، ته‌زویركردنی‌ پاره ‌‌و ماده‌ی‌ هۆشبه‌ر) و چه‌ند بابه‌تێكی‌ دیكه‌، ده‌ستگیر كردووه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیانه‌ به‌رده‌وامه،‌ ھەروەھا حاڵەتەکانی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی ھۆشبەر زیادیان کردووە".












باسنيوز
Top