مەسرور بارزانی: پەلەکردن لە ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان بەپێویست دەزانین

مەسرور بارزانی: پەلەکردن لە ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان بەپێویست دەزانین
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە پەلەکردن لە ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوجە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ”بە پێویست دەزانین“.

ئەمڕۆ دووشەممە 15-4-2019، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جەنەڕال پاتریک رۆبەرسۆن، فەرماندەی گشتی تیمی ھاوبەشی ئۆپەراسیۆنە تایبەتیەکان لە عێراق و سوریا و شاندی یاوەری کردووە.

بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ جەنەڕال پاتریک رۆبەرسۆندا بەپێویستی زانیوە پەلە لە ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکان بکرێ، بۆ ئەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگێڕدرێتەوە و جموجۆڵی تیرۆریستانیش بەرتەسک بکرێتەوە.

راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەردەوامیی هاوکاری و یارمەتییە نێودەوڵەتییەکانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە پێویست و کاریگەر زانیوە.

هەروەها جەنەڕال پاتریک رۆبەرسۆن ئاماژەی بە گرنگیی و رۆڵی کاریگەری پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان کردووە و رایگەیاندووە، ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە بەرنامەی ھاوکاریکردن و مەشق پێکردنی ھێزی پێشمەرگە و دابینکردنی پێداویستییە ھونەرییەکان، بەردەوام دەبێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی شەڕی دژی تیرۆر بە گشتی و هەماهەنگیی نێوان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ سەقامگیرکردنەوەی ناوچەکە تاوتوێ کراون.











باسنيوز
Top