حەشدی شەعبی لە تەعریبکردنی خانەقین بەردەوامە

حەشدی شەعبی لە تەعریبکردنی خانەقین بەردەوامە
بەرپرسێکی پارتی لە خانەقین ڕای دەگەیەنێت، حەشدی شەعبی مەلەفی ئەمنی خانەقینی وەرگرتووە و لەهێنانی عەرەبەکانی ناوەڕاست و خوارووی بەغدا بۆ خانەقین بەردەوامە.

شێرکۆ تۆفیق، کارگێڕی لقی 15ی خانەقین ڕايگەیاند: ”لە دوو هەفتەی ڕابردوودا حەشدی شەعبی مەلەفی ئەمنی خانەقینی لە پۆلیس و ئاسایش وەرگرتووە، ئەوەش خۆی لە خۆیدا 100٪ تەعریبکردنی ناوچەکەیە، چونکە دەتوانن بە هەر بیانوویەک هەڵبکوتنەسەر شوێنەکان و لێپێچینەوە لەگەڵ خەڵ بکەن“.

کارگێڕەکەی لقی 15ی خانەقین ئاشکراشی کرد ”بە مۆڵەتی حەشدی شەعبی 20 ماڵی کۆچەر کە هەزاران گامێشیان پێیە لە گوندی “سویرە“ی سەربە پارێزگای کوت لە خوارووی بەغدا هێنراون بۆ گوندی ”قولەی یەهود“ کە گوندێکی کوردییە و لەوێ نیشتەجێ کراون، هەروەها گامێشەکان خراونەتە ناو ئاوی ئەڵوەن ئامانج لەو کارەشیان پیسکردنی ئاوەکەیە، کە خەڵکی خانەقین بۆ خواردنەوە کەڵکی لێ وەردەگرن“.

ئەوەشی خستە ڕوو، کە ئێستا 36 گوندی ناوچەکە چۆڵیان کردووە، ئەو گوندانەی دیکەش کە کوردیان تێدابووە شوێنەکانی خۆیان جێهێشتووە و لە کەلار و ناوچەکانی دیکەی گەرمیان نیشتەجێبوون.











باسنيوز
Top