بەهۆی سروە عەبدولواحیدەوە بەرزترین ئەنجومەنی حزبەکەی شاسوار عەبدولواحید پەکی دەکەوێت
ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی گرووپی (نەوەی نوێ) کە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکایەتی دەکات، لە سنوری پارێزگای سلێمانی و دەووربەری دەستیان لەکار کێشاوەتەوە، ھەروەھا ئەنجومەنی باڵای گرووپەکەش کە گوایە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە،، بەھۆی پەیوەندیکردنی سروە عەبدولواحید بە ڕیزەکانی نەوەی نوێ، چەند مانگێکە کۆبوونەوەی نەکردووە و چالاکییەکانی ڕاگرتووە.
(باسنیوز) زانیویەتی کە بە بڕیاری شاسوار عەبدولواحید، سروەی خوشکی کراوە بە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ، بەبێ ئەوەی بڕیارێکی دەستەجەمعی لەمبارەیەوە هەبێت، ئەمەش لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنەکەوە نیگەرانی لێ کەوتووەتەوە.
لەمبارەیەوە ئارام سەعید، ئەندامی ئەنجومەنی نەوەی نوێ، ڕايگەیاند، ئەنجومەنەکەیان ”ماوەیەکی زۆرە کۆنەبووەتەوە“، بەڵام ھەڵنەوەشاوەتەوە. گوتیشی: ”نازانم هۆکاری کۆنەبوونەوەکە بۆچی دەگەڕێتەوە، دەکرێ لە گوتەبێژی فەرمیی نەوەی نوێ پرسیار بکەن“.
پێشتر چەندان کەس لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری نەوەی نوێ، دەستیان لەکار کێشاوەتەوە و باسیان لە بێ پرەنسیپی و لەبەرچاونەگرتنی پرەنسیپی حزبی لەلایەن شاسوار عەبدولواحید کردووە.
باسنيوز
