گۆڕان: هەقوایە لەوە زیاتر چاوەڕێی یەکێتی نەکرێت

گۆڕان: هەقوایە لەوە زیاتر چاوەڕێی یەکێتی نەکرێت
ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ڕای گەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ”هەر ڕۆژەو بیانووێک دەگرێت“، ئەگینا ”بەپێی پشکی هەڵبژاردن چیت بەردەکەوێت، هەر ئەوەیە“.

ئەمیری حاجی کەمال، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و بەرپرسی مەکۆی گۆڕان لە شاری سۆران، ڕايگەیاند: ”ئەجێندەی یەکێتی شاراوەیە و لێی تێناگەین، هەر ڕۆژەو بیانووێک دەگرێ، نازانم کات دەکوژن یان بەڵێنیان بە شوێنێک داوە، ئەگینا ئەوە چەندین جارە ڕێککەوتن دەکرێت، جێبەجێنەکردنی ئەو ڕێککەوتنانەش هۆکاری نەمانی متمانەیە“.

بەرپرسەکەی گۆڕان پێیوایە کە لایەنەکان بەپێی پشکی هەڵبژاردن چییان بەردەکەوێت، ”هەر ئەوەیە“ و پێویست بە کات کوشتن ناکات.

لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتیشەوە ئەوەی نەشاردەوە کە ”هەقوایە لەوە زیاتر چاوەڕوانی یەکێتی نەکەین“.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ دووشەممە 15ی نیسانی ٢٠١٩، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕای گەیاند، ڕێککەوتن لە نێوان حزبەکەی و پارتیدا کۆتایی هاتووە و ناڕاستەوخۆ هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەتیشی خستە ئەستۆی گۆڕان.












باسنيوز
Top