نوێنەری کەنەدا ستایشی هەنگاوێکی پارتی دەکات
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمان، نانسی بیرگیرون، بەرپرسی نووسینگەی کەنەدا لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڤاڵا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کۆ بووەتەوە.
نانسی بیرگیرون ستایشی هەڵبژاردنی ئافرەتێکی بۆ یەکەمجار بە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کردووە و هیوای خواستووە دەرفەتی زیاتر بە بەشداربوونی ئافرەت لە دامودەزگا فەرمییەکانی کوردستان، بدرێت.
بەرپرسی نووسینگەی کەنەدا لە هەرێمی کوردستان لەبارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاندووە، کەنەدا پشتیوان و هاوکاری هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ دەبێت و دەیەوێ پەرە بە پەیوەندییەکانی ئۆتاوا و هەولێر بدات.
لە خولی پێنجەم و بۆ یەکەمجار لە مێژووی پەرلەمانی کوردستان، پارتی ئافرەتێکی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان کاندید کرد و لە دەنگدانی پەرلەمانتاران، ئەو ئافرەتە بە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا.
باسنیوز
