پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتى توركمەن ئیلى، لەسەر چه‌ند خاڵێك ڕێككەوتن

پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتى توركمەن ئیلى، لەسەر چه‌ند خاڵێك ڕێككەوتن
پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی تورکمن ئیلی ڕێكدەکەون بۆ چاك کردنی بارودۆخی کەرکووك و پێکەوە ھەوڵ بدەن تا حکوومەتی عێراق پەلە بکات بۆ ئاسای کردنەوەی کەرکووك.

د.کەمال کەرکووکی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک گەرمیان ڕایگەیاند: "شاندێکی پارتی لەگەڵ شاندێکی حزبی تورکمن ئیلی بەسەرۆکایەتی ڕیاز ساری کھیە کۆبووینەوە کە پێکەوە ھەردوولا کار بکەن بۆ ئەوەی حکوومەتی فیدرالی پەلە بکات لە جێبەجێ کردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە..

ڕۆژى ١٠ى نیسانى ٢٠١٩، هەردوو شاندى پارتى دیموكراتى كوردستان، بەسەرۆكایەتیى (د. كەمال كەركووكى، سەرۆكى ئەنجوومەنى سەركردایەتیى كەركووك – گەرمیان) و، شاندى پارتی توركمەن ئیلی، بەسەرۆكایەتیى (ڕیاز ساڕى كەهیە، سەرۆكى پارتى توركمەن ئیلى)، كۆ بوونەوە.

هەردوولا گفتوگۆیەكى تێروتەسەلیان لەبارەى دۆخى ئەمنى و سیاسى و كارگێڕى و خزمەتگوزاریى شارى كەركووك و ڕێوشوێنى چاككردنى دۆخى ئێستاى شارەكە كرد و، لەسەر ئەم خاڵانەى خوارەوە ڕێككەوتن:

١. دیدى هەردوولا هاوشێوە بوو لەبارەى ئەوەى كە كەركووك شارى پێكەوەژیانى ئاشتییانەیە و هیچ كێشەیەك لەنێوان پێكهاتە و ئاینەكانیدا نییە.

٢. داوا لە حكوومەتى فیدراڵ بكرێت كە پەلە لە پرۆسەى ئاساییكردنەوەى سەرتاپا بۆ گشت پرسە هەڵپەسێردراوەكانى كەركووك بكرێت و لە گشت بوارەكانى: سەربازى، ئەمنى، سیاسى، كارگێڕى و، خزمەتگوزارى.

٣. داوا لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بكرێت كە پەلە بكرێت لە دانانى یاساى هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەكانى حزبى بەعسى هەڵوەشاوەى پەیوەست بە زەوییە كشتوكاڵییەكان لە پارێزگاى كەركووكدا.

٤. هەردوولا ڕێككەوتن بەیەكەوە و لەگەڵ لایەنەكانى تردا كار بكەن بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى كەركووك، پاش ئەنجامدانى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان لە ساڵى ٢٠٢٠دا و دەستەبەركردنى زەمینەى گونجاو بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنێكى خاوێن و بێگەرد.

٥. داوا لە كۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكان بكرێت كە جەخت بكاتە سەر جێبەجێكردنى گشت ڕێكار و ڕێنوێنییەكان و هەنگاوەكانى پەیوەست بە هەڵبژاردنەكان، بۆ مسۆگەركردنى ئەنجامدانى هەڵبژاردنێكى پاك و شەفاف و داخراو بەڕووى هەر هەوڵێكى ساختەكارى و دەستكاریكردنى ویستى دەنگدەردا.

٦. ئەنجوومەنى پارێزگا بڕیار لەسەر بابەتى پارێزگار دەدات و، ئەویش دواى ئاساییكردنەوەى گشتگیر و چارەسەركردنى پرسە هەڵپەسێردراوەكان و كاراكردنەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى كەركووك، بۆ ئەوەى ئەنجوومەن ڕۆڵى دەستوورى و یاسایى خۆى بگێڕێت و كەسێك هەڵبژێرێت كە هەموو ئەو لایەنانەى لە ئەنجوومەندا نوێنەرایەتى دەكرێن لەسەرى بسازێن.

لە كۆتاییدا، هەردوولا ڕێككەوتن لەسەر كارى جددى و بەردەوام لەپێناو هاندان و پشتیوانیى حكوومەتى عێراق بۆ چارەسەركردنى ئەو كێشانەى لە پارێزگاى كەركووكدا هەن و هەڵپەسێردراون.

ڕیاز ساڕى كەهیە د. كەمال كەركووكى
سەرۆكى پارتى توركمەن ئیلى سەرۆكى ئەنجومەنى سەركردایەتیى
kdp-
Top