وەزیری شارەوانی نوێترین زانیاری لەبارەی دابەشکردنی زەوی دەخاتە ڕوو
نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕايگەیاند: "ماوەیەکی زۆرە بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر کەسوکاری شەھید و ئەنفالکراوان دراوە، ئەوەش بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە کە ھەموو کەسوکاری شەھیدان حەقی پێدانی زەوییان ھەیە، جیا لەوەش بۆ شەھیدانی شەڕی دژ بە ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعش لێژنەیەکی باڵا لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان پێک ھات، بۆ ئەوەی زەوی و شوقە و خانوو بەسەر کەسوکارەکانی ئەو شەھیدانە دابەش بکرێ، لەو شوێنانەی خانوو و شوقەی ئامادەکراومان ھەبوو، دابەشمان کرد، لە دھۆکیش زەویمان دابەش کرد".
لەبارەی دابەشکردنی زەوی بەسەر خەڵکی لە ھەموو شارەکانی کوردستان، وەزیری شارەوانی ئاماژە بەوە دەدات: "پێش چەند ساڵێک بەرنامەیەک لەسەر ئەو بابەتە ھەبوو، ئەنجومەنی وەزیران ئەو بابەتەی داوا کرد و تا بزانن چەند کەس سوودمەند نەبووە و شایستەیە، داوای ڕەشنووسێک و ڕێنمایی و پێوەرەکانیان کرد کە بۆیان بنێرین، وەک وەزارەت جەردمان کرد و لیستی ئەوانەی سوودمەند نەبوون، بەرزمان کردەوە و ڕێنماییماندا کە بە چ شێوازێک دابەش بکرێت".
ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەو کاتە لێژنەیەک لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ دیراسەکردنی ئەو ڕێنماییانە پێک ھات، بۆ ئەوەی بەسەر کێ دابەش بکرێت، "بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا بابەتەکە بە فەرمی بۆ ئێمە نەگەڕاوەتەوە و لەسەر ئەوە وەستاوین، ھەرکاتێک ئەنجومەنی وەزیران بڕیار بدات، ئەوا بەپێی توانای بەردەستی شارەوانییەکان ئەوەی لەبەردەستیاندا بێت، دەتوانن بیکەن و ئەوەشی ئامادە نەبێ، دەتوانن کاری لەسەر بکەن".
سەبارەت بە پێوەری دابەشکردنی زەوییەکان بەسەر ھاووڵاتییاندا، نەورۆز مەولوود دەڵێت: ”پێوەری ئێمە ئەوە بوو ئەو ھاووڵاتییانەی ھیچ ماڵ و موڵکیان بەناو نییە و سوودمەند نەبوون لە حکوومەت، زەوییان پێ بدرێت، بۆ ئەوەی بابەتەکە نەبێتە بازرگانیکردن، ھەروەھا پرسیشمان بۆ کردوون تا قەرزیان بۆ ماوەی 15 تا 20 ساڵ پێ بدرێت، بۆ ئەوەی بتوانن خانووەکانیانی پێ دروست بکەن“، باسی لەوەش کرد: "پرۆژەکە بۆ کابینەی نۆ دەمێنێتەوە و بڕیارەکە لای کابینەی داھاتووە، نازانم جێبەجێ دەکرێ یان نا".
باسنيوز
