مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی: سەرۆک بارزانی قسەی دڵی خەڵکی کرد

مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی: سەرۆک بارزانی قسەی دڵی خەڵکی کرد
مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی ڕایگەیاند، سەرۆک بارزانی قسەی دڵی خەڵکی کوردستانی کردووە کە ئەمڕۆ ھۆشداری داوەتە پارت و لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی پەلە بکەن لە پێکھێنانی کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

دکتۆر کەیوان ئازاد، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر و مامۆستای زانکۆی سلێمانی، ڕايگەیاند: "دوای شەش مانگ لە دواکەوتنی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بارێکی دەروونیی ئاڵۆز بۆ ھاووڵاتیانی کوردستان درووست بووە، چونکە ھاووڵاتیان پێیان وایە ئەم کابینەیە پێک نایەت، ھەروەھا پارتی دیموکراتی کوردستان، وەکوو لایەنی یەکەمی براوەی ھەڵبژاردنەکان، بەپێی سیستەمی دیموکراتیی وڵاتانی دنیا، لایەنی براوەیە و دەتوانێت لەگەڵ چەند لایەنێکی دیکەدا کۆ ببێتەوە، ئەگەر توانییان زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بەدەست بھێنن، ئەوا دەتوان کابینەی نوێ پێکبھێنن“.

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەگەر زیاتر پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دوا بکەوێت، ”کارێکی خراپە و زەرەرمەندی یەکەمیش خەڵکی کوردستان دەبن و ئەمەش ھەیبەتی دیموکراسی دەخاتە ژێر پرسیارەوە".

لەبارەی وتارەکەی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی، ئەو مامۆستایەی زانکۆی سلێمانی ڕای گەیاند: "کاتێک سەرۆک بارزانی، وەکوو ڕابەرێکی کورد و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەھۆی دواخستنی کابینەی حکوومەتەوە دێتە سەر هێڵ، یان داوا دەکات پەلە بکرێت و چیتر پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێم دوا نەکەوێت، بڕیارێکی تەواو دروستی داوە و قسەکەی سەرۆک بارزانی، قسەی دڵی خەڵکی کوردستان بووە".

کەیوان ئازاد باسی لەوە کرد کە بەبێ یەکێتی، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت ”قورسە“، بەڵام حزبێک دوای شەش مانگ بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێم نەیەتە پێشەوە و بەپێی قەبارەی خۆی مامەڵە نەکات و داوای پۆستی زیاتر بکات، بێگومان سەرۆک بارانی ناچارە وەکوو سەرۆک و ڕابەری کورد و سەرۆکی پارتیش، ھەڵوێستی خۆی ھەبێت و چیتر چاوەڕێی دواخستنی کابینەی حکوومەتی ھەرێم نەکات، چونکە ئەگەر کابینەی حکوومەتی ھەرێم دوا بکەوێت، دیموکراسی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە" .

ئەو مامۆستایەی زانکۆ باسی لەوەش کرد: "ھیوادارم بەھۆی فشارەکەی سەرۆک بارزانییەوە، ئەو ھێزانەی کە یاری بە دواخستنی کابینەی حکوومەتی ھەرێم دەکەن، کاری جددی بکەن بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێم، دواجار سەرۆک بارزانی، تەحەمولێکی زۆریشی کردووە کە چاوەڕێی پارت و لایەنە سیاسییەکانی کردووە".












باسنيوز
Top