یەکێتیەكان و باڵەكانی : ئەمڕۆ خۆمان یەکلا دەکەینەوە و بڕیاری کۆتایی دەدەین

 یەکێتیەكان و باڵەكانی : ئەمڕۆ خۆمان یەکلا دەکەینەوە و بڕیاری کۆتایی دەدەین

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات و گوتەبێژی فەرمیی حزبەکەش ڕای دەگەیەنێت کە ئەوان خۆیان یەکلا نەکەنەوە.



کەمێکی دیکە، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی کۆدەبنەوە و تاوتوێی پشکەکانی یەکێتی لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجامی گفتوگۆکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن.



لەمبارەیەوە لەتیف شێخ عومەر، گوتەبێژی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە میدیای فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاندووە: ”لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بڕیار دەدات کە فراکسیۆنی حزبەکە بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بکات یان خود نا“.



هاوکات میدیای حزبەکە لەسەر زاری لەتیف شێخ عومەرەوە ئاشکرای کردووە کە ئەمڕۆ یەکێتی دوا بڕیار لەبارەی بەشداریکردن یان بەشدارینەکردن لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەدات.



ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا پارتی و یەکێتی چەندان کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە و لە دوایین زانیاریشدا لەمبارەیەوە، ئێوارەی ڕابردوو هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاشکرای کرد کە ئەگەر ”ناحەزان لە پێناو بەرژەوەندیی کەسی و حزبی“ تێکی نەدەن، لەگەڵ یەکێتی زۆر لە ڕێککەوتن نزیکن.



ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ی نیسانی ٢٠١٩، سەرۆک بارزانی لە میانی وتارێکیدا لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر ڕای گەیاند، کاتی چاوەڕێکردن تەواو بووە و لەم ساتەوە کارەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت دەست پێ دەکات.





باسنیوز
Top