سەرۆک بارزانی: بوونی عەبدولمەهدی دوا دەرفەتە بۆ چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدا
سەرۆک بارزانی لە وتەیەکدا دوای کردنەوەی پێشانگاکە، رایگەیاند، کردنەوەی پێشانگای ساڵانەی کتێب لە هەولێر مایەی شانازییە، ”هەولێر مافی خۆیەتی شانازی بکات“.
لە وتارەکەیدا، سەرۆک بارزانی بوونی عادل عەبدولمەهدی لە سەرۆکایەتیی حکوومەتی عێراق، بە دوا دەرفەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نیوان هەرێمی کوردستان و عێراق دادەنێت.
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی رایگەیاند، چیتر کات بە فیڕۆ نادرێ و حزبەکەی چیتر چاوەڕێ ناکات و دەست بە رێکارەکانی پێکهێنانی حکوومەت دەکات.
دەقی وتارەکەی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خوای گەورە و میھرەبان
بەخێرھاتنی میوانە بەڕێزەکان دەکەم
خوشکان و برایانی بەڕێز بەخێر بێن بۆ ھەولێر
ھەرچەندە تەکنەلۆژیا پێش بکەوێت، کتێب ھەر وەک ھاوڕێیەکی باش دەمێنێتەوە، کتێب ئەو ڕووناکی و ترووسکاییە دەبێت کە شارستانیەت و مێژوومان پێش دەخەن.
لە نیوتن پرسیار کرا کە چی لە پشت بەھرەمەندییەکەیەوەیە، گوتی من لەسەر شانی ئەو بیرمەندانە ھاتم کە لە پێش منەوەبوون، کتێبەکانی ئەوانم خوێندەوە.
کردنەوەی پێشانگای ساڵانەی کتێب لە ھەولێر، جێگەی شانازییە و ھەولێریش بۆی ھەیە شانازی بەمەوە بکات کە مێژووێکی لە پێکەوەژیان ھەیە.
دەمەوێ سوپاسی برام فەخری کەریم و ھەموو ئەوانە بکەم کە کاریان بۆ ئەو پێشانگایە کردووە.
بەو بۆنەیەوە دەمەوێ ئاماژە بە ھەندێک بارودۆخ بکەم کە لە ئێستا ھەیە. سەرەتا سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی بەلەمەکەی مووسڵ دەکەم، ئەوە کارەساتێکی نیشتمانی و مرۆیی بوو کە دڵەکان و ویژدانەکانی ئازار دا.
ئەم کارەساتە ئەنجامی خراپیی دۆخی مووسڵ بوو، بەتایبەتی پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ. بەداخێکی زۆرەوە زۆربەی ئەو خێزانانەی ئاوارە بوون، کاتێک مووسڵ کەوتە دەست تیرۆریستان، پاش ئازادکردنی شارەکە، موژدەیان پێ درا، بەڵام کە گەڕانەوە، بینییان ھیچیان بۆ نەکراوە و ناوچەکانیان وێرانەیە و دووبارە گەڕانەوە نێو کەمپەکانی ئاوارەیی.
پێویستە کەمێک بگەڕێینەوە بۆ دواوە، تاوەکوو باس لەم کارەساتە بکەین، کاتێک چاوپێکەوتنەکان لە نێوان بەرپرسانی سەربازی و ھێزەکانی ھاوپەیمانی لە نێوان ھەولێر و بەغدا کرا، ڕێککەوتنێک ھەبوو کە پلانی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ بە دوو قۆناغ بێت، یەکەمیان کۆنتڕۆڵکردنەوە و دووەمیش پاش کۆنتڕۆڵکردنەوە کە چۆن ئیدارەی شارەکە بدرێت. ھەر کاتێک لە پرۆسەکە نزیک دەکەوتینەوە، تێبینیمان دەکرد کە لایەنەکان لە پلانی دووەم دوور دەکەوتنەوە، ئەوان زۆر خێرا بوون لە پرۆسەی کۆنتڕۆڵکردنەوەکە. لە دوایین دیدار کە من تێیدا ئامادە بووم، گوتم کە پرۆسەی ڕزگارکردنەوەکە ئاسان نابێت، بەڵام دەشکرێت، پێشمەرگەش بە وردییەوە پلانەکەی خۆیان جێبەجێ دەکەن.
پێشمەرگە بە درێژایی ١٠٧ کیلۆمەتر توانییان سەرەتای ھێڵی بەرگریی داعش بشکێنن و پرۆسەی ڕزگارکردنەوەکە دەست پێ بکات. لە دوایی کۆبوونەوە پێم گوتن کە قۆناغی دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەکە لە خودی پرۆسەی ڕزگارکردنەوەکە سەختتر دەبێت. کێشەکانی مووسڵ کێشەی قووڵن و لە توانای ئەنجومەنێک و پارێزگارێکدا نییە. بەتایبەتیش کە بۆ ماوەی ٣ ساڵ لەلایەن تیرۆریستانەوە داگیر کرابوون کە گەندەڵیی زۆر و وێرانەیی زۆریان بڵاو کردەوە. مووسڵ پارێزگایەکی فرە ئایین و نەتەوەیە و کێشەی کەڵەکەبووی ھەیە، پێویست بوو کە پڕۆژەیەکی وا ھەبێت تاوەکوو بتوانرێت ھەمووان پێکەوە بژین و ھەڵبژاردنیش ئەنجام بدرێت. ئەوان سووربوون لەسەر ئەوەی پرۆسەی کۆنتڕۆڵکردنەوەکە ئەنجام بدرێت دواتر قسە لە سەر قۆناغی دووەم بکرێت، بەڵام راشکاوانە پێم گوتن کە ئێوە بەرپرسیار دەبن لەوەی ڕوودەدات.
من گوتم ویژدانم ئاسوودە دەکەم و پێتان دەڵێم. دۆخێکی نالەبار کەوتە پارێزگاکەوە، بەداخەوە ھەموو ھەوڵەکان بۆ ئەوە بوون کە ئەو پارە و داھاتەی بۆ مووسڵ تەرخان دەکرا، چۆن ئەو لایەنانە بەسەر خۆیاندا دابەشی بکەن، لە بری ئەوەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکە تەرخانی بکەن. بۆیە کارەساتی بەلەمەکە دەرئەنجامی ئەم کارەساتەیە و ئەمانە بوونە قۆچی قوربانیی ئەو دۆخەی مووسڵ، جا ئەگەر بە دەستی ئەنقەست بووبێت یان بەھۆی ئیھمالی، بەڵام ئەوانە کەسانی بێتاوان بوون.
لە سەرەتاوە جەختمان کردووەتەوە کە ئەو کێشانەی لە وڵاتەکەمان ھەن، مامەڵە لەگەڵ دەرئەنجامەکان دەکرێت نەک ھۆکارەکان، ئێستاش ئەگەر ھۆکارە ڕاستەقینەکانی سەرھەڵدانی داعش روون نەکرێنەوە و پەنجەیان لەسەر دانەنرێت، لەوانەیە ڕووداوی دیکەی وەک کارەساتی بەلەمەکە دووبارە ببنەوە.
داعش زەربەیەکی گەورەی بەرکەوت و تووشی شکتسێکی گەورە بوون و خاکی زۆری لە عێراق و سووریا لەدەست دا، بەڵام مەترسیی داعش کۆتایی نەھاتووە، ناکۆکییە ڕووکەشەکان کۆتاییان ھات، بەڵام ھێشتا داعش مەترسییەکی جددییە لەسەر خەڵک و پێویستە لەناوبردنی داعش لە عێراق و سووریاش ھاوکات بێت، ناکرێت داعش لە وڵاتێک لەنێو ببرێت، بەتایبەت لە نێوان ھەردوو وڵات، دواتر لەلایەکی دیکە خۆی ڕێک بخاتەوە و سەرھەڵبداتەوە.
ئەو ناکۆکییە ساختەیەی ھەبوون کۆتاییان ھات، بەڵام ئەو ھۆکارانەی دەبنە ھۆی دووبارە سەرھەڵدانەوەی داعش، ھەر ماون، بۆیە کاتێک بیرمان بۆ ئەوە بچێت کە سەرکەوتن بەسەر داعش ھاتە دی، بێگومان ئەوانە ڕاستی ناڵێن، بەڵکوو بە ئامانجی ئەجێندای سیاسی ئەم قسانە دەکەن. پاش ٢٠٠٣ و دوای ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری، ھەلی زۆرمان ھاتە دەست بۆ بونیادنانی عێراقێکی نوێی دیموکراسی و فیدرالی کە فرە پێکھاتەی نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبی بێت، بەڵام بەداخەوە ئەم ھەلانەمان لە دەست چوون، ناکۆکیی زۆر لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھاتنە دی ، ئەگەر دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرانایە ئەم کێشانە سەریان ھەڵنەدەدا.
جێگەی دڵخۆشییە کە ھەمووان لەو بڕوایەن ئێستا گفتوگۆ و دانوستان و ھەماھەنگی تاکە ڕێگەی چارەسەری کێشەکانن. ڕۆژێک لە ڕۆژان نەبووە کە جگە لە گفتوگۆ، ھیچ ڕێگەیەکی دیکە ھەبێت، ئەگەریش ھەبووبێت، بەسەرماندا سەپێندراوە. ئێستا ھەلی نوێ ھەیە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان، بوونی بەڕێز عادل عەبدولمەھدی لە سەرۆکایەتیی حکوومەتی عێراق بە ھەلێک دەبینین، لەوانەشە دوا دەرفەت بێت، بۆیە ناکرێت ئەم ھەلە بە ھیچ شێوەیەک لەدەست بدەین و ئێمە ھەماھەنگی بە جددی لەگەڵ دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، نەک تەنیا لە نێوان ھەولێر و بەغدا، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەندیدار بە بابەتی دەستوور کە پێویستە جێبەجێ بکرێت.
دەربارەی بابەتی ھەرێمی کوردستان و پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێم، وەک دەزانن کە ھەرێمی کوردستان ھەڵبژاردنی ساڵی ڕابردووی بە سەرکەوتوویی بەڕێ کرد، ئەنجامەکانیشی دەرکەوتوون، ئارامیی زۆرمان گرت و ھەلی زۆرمان بە لایەنەکان دا، تاوەکوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێک بێت، بە جیاوازیی سەرجەم ئەوانەی لە ھەڵبژاردنەکان سەرکەوتن، ھەلی پێویستیش بە ھەمووان درا، بەڵام ئێستا گەیشتووینەتە قۆناغێک کە چیتر چاوەڕێ نەکەین و ھیچ بیانووێک نەماوە، کاتی چاوەڕێکردن تەواو بووە، پەرلەمان دەست دەکات بە جێبەجێکردنی بەرنامەکان و ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم و دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ لایەنە سیاسییە دەرچووەکانی ھەڵبژاردن لەم ساتەوە چیتر چاوەڕێ ناکەین، بەڵکوو کارەکانمان دەست پێدەکەین.
زۆر سوپاس بۆ ھەموو لایەکتان و بەخێر بێن...
باسنيوز
