چواردەهەمین پیشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بەڕێوە دەچێت

 چواردەهەمین پیشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بەڕێوە دەچێت
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 2019.4.3 چواردەیەمین پیشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب، بە بەشداریی 300 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردستانی، عەرەبی و ڵاتانی دراوسێ و بیانی لە هەولێر دەست بە کارەکانی بکات.



لەمبارەوە گوتەبێژ و بەڕێوەبەری کارگێڕیی چواردەهەمین پیشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب ڕاگەیاند: لە پیشانگەی ئەمساڵدا چل دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردستانی و 200 دەزگای عەرەبی و 60 دەزگاش لە وڵاتانی دیکەوە بەشدارن و بۆ ماوەی 11 ڕۆژ بەردەوامە".



هەردی عومەر، ڕای گەیاند: "بە گشتی 300 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە 21 وڵاتەوە بەشدارن کە بریتین لە 14 وڵاتی عەرەبی، سێ وڵاتی ئەورووپی، وڵاتانی دراوسێی ئێران و تورکیاش بەشدارن و زیاتر لە 100 ڕۆشنبیر و ئەدیب و نووسەر لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات تێیدا بەشدارن".



لە پیشانگەی ئەمساڵدا ڕۆژانە لە کاتژمێر 10ی بەیانی تاکوو 7ی ئێوارە 40 چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێت و نزیکەی یەک ملیۆن کتێب لە پیشانگە دەخرێنە ڕوو و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە بە دەیان ناونیشانی نوێیەوە بەشدارن.



هەردی عومەر ئاماژەی بەوەش کرد: "هاوکات لە ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستانەوە لە پیشانگەی کتێبی هەولێردا بەشدارن و جیاوازیی پیشانگەی ئەمساڵ لەگەڵ ساڵی پێشوو ئەوەیە، کە ساڵی پێشوو 250 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە بەشدار بوون، بەڵام ئەمساڵ 300 دەزگا بەشدارییان کردووە و بەرفراوانترە لە ساڵی ڕابردوو."





باسنیوز
Top