لافاو 170 گوندی سهر به پارێزگای ئیلامی گهمارۆ داوه
هاووڵاتیانیش گلهیی ئهوه دهكهن، ناوەندە حکوومییەکان بۆ بەهاناوە چوونی خەڵك و ڕیگریکردن لە زیانەکانی لافاو, هیچ هەوڵێکیان نەداوە, داواش لە حکوومەت دەکەن, تەنانەت ئەگەر بە پارەش بێت ئامێرەکانی وەك شۆفڵ و گرێدهریان بۆ دابین بکات, بۆ ئەوەی خۆیان رێگرى لە زیانی زیاتر بکەن.
بە گوتەی پارێزگاری ئیلام ئەو گۆندانە مەترسی ژێرئاو کەوتنیان لەسەرە و دەبێ لە رێگەی ئاسمانیەوە بە زوترین کات فریای خەڵکەکەی بکەون، بەڵام بەهۆی نەبوونی کۆپتهر لەو پارێزگایه، نەیانتوانیوە بەهانایانەوە بچن.
وتەبێژی ناوەندی فریاکەوتنی ئێران رایگهیاند، لافاو رووبهرێكی زۆری لە ناوچە جياوازهکانی ئهو وڵاته به گشتی تهنیوه و تا ئێستا ٥٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٤٧٨ کەسیش بڕینداربوونە.
ئاماژهی بهوهشدا، باری نائاسایی لە پارێزگاکانی لورستان و خوزستان درێژکراوەتەوە، لافاو دەیان شار و سەدان گوندی گەمارۆ داوە و لە بەشێك لە ناوچەکانی لورستان فریاگوزارییەکان بە کۆپتەر دهگهیهندرێنه هاووڵاتییان.
ناوەندی فریاکەوتنی ئێران جگە لەوەی داوای یارمەتی لە هاووڵاتیان دەکات، ههروهها نایشارێتهوه، کە تا دێت ژمارهی قوربانییهكان و زیانەکانیش لە زیادبووندان.
ماوهی دوو هەفتەیە لافاو هەر جارە و شارێك و ناوچەیەکی ئێران گەمارۆ دەدات و هەر ڕۆژەو لە پارێزگایەك دۆخی نائاسایی رادەگەیەندرێت.
k24-
