پەرلەمانتارێکی پارتی: پڕۆژەی چاکسازی ھی ئێمەیە
بەھمەن کاک عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "پڕۆژەی چاکسازی، پڕۆژەی پارتی دیموکراتی کوردستانە و پڕۆژەی ھیچ لایەنێکی دیکە نییە، چونکە لە کابینەی نێچیرڤان بارزانییەوە پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان کراوە، لە خولی ڕابردووی پەرلەماندا نەتوانرا پەسەند بکرێت، ئێستاش پڕۆژەی چاکسازی، پڕۆژەی فراکسیۆنی پارتییە."
پەرلەمانتارەکەی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەگەر پارتی بییەوێ پڕۆژەی چاکسازی و ھەر پڕۆژەیەکی دیکە تێپەڕێنێت ئەوە بەدڵنیاییەوە دەتوانێ، چونکە ئێمە دەنگی پێویستمان ھەیە و زۆرینەی پەرلەمانین."
بەھمەن کاک عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لەبەر ئەوەی پڕۆژەی چاکسازی ڕەھەندی نیشتمانیی ھەیە، پارتی دەیەوێ ھەموو فراکسیۆنەکان تێیدا بەشدار بن و پێکەوە بە تەوافوق دەنگی لەسەر بدەن و کەسیش نەیکات بە موزایەدەی خۆی، ئەگەر پڕۆژەکە بکرێتە موزایەدەی سیاسی ئەوە دەبێتە بابەتێکی دیکە، بەڵام لەم خولەی پەرلەمانیشدا پڕۆژەی چاکسازی لە ئەولەویەتی کارەکانی ئێمەدایە و کاریشی لەسەر دەکەین."
kdp-
