نەقیبی سەندیکای پارێزەران: نەبوونی سەرۆکی ھەرێم گرفت بۆ دامەزراوەکانیتر دورست دەکات
بەختیار حەیدەر، نەقیبی پارێزەرانی کوردستان ڕايگەیاند: "ھەر ھەرێم و وڵات و کۆمپانیایەک پێویستە یاسای خۆی ھەبێت، پێویست دەکات رێکخستنەوەی خۆی ھەبێت، ئەو رێکخستنانە یەکێکیان کەموکورتیی ھەبێت، کاریگەری لەسەر ئەوانی دیکەش دەکات، بەتایبەت لە ھەرێمەکان، رەنگە بۆ کۆمپانیایەک گرفت نەبێت، بەڵام بۆ دامەزراوەی حکوومەت و دەوڵەت ئەوە پڕ ناکرێتەوە و زنجیرەیەکی ئیداری ھەیە، ناکرێ تێک بچێت، لەبەر ئەوەی دەستوورمان نییە، بۆیە سەرۆکی ھەرێم، یان دامەزراوەی سەرۆکایەتیی ھەرێم، ئەو دامەزراوە وەک سەنتەری دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەبێ ھەبێت، چونکە ئێستا دەسەڵاتەکانی دابەش کراونەتە سەر پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەری و ئەنجومەنی وەزیران، لە کاروبارەکاندا جۆرێک لە گەڕانەوە بۆ دواوە دروست بووە".
ڕوونیشی کردەوە کە ھەر دەزگایەک کاری خۆی دەکات، سەرۆکی ھەرێم سەنتەری راگرتنی دەسەڵاتە، ئێستا ئەنجومەنی دادوەری لەوە دەچێت بڵێت کە ھەندێک پرس ھەیە نایکات، ئەنجومەنی وەزیرانیش بە ھەمان شێوە، بۆیە ”بوونی دەزگاکان و بەتایبەت سەرۆکی ھەرێم، گرنگە و دەبێت بگەڕێتەوە سەر ئەسڵەکەی خۆی و دواتریش ئەو دەزگایە چۆن کارا دەکرێتەوە گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە کە ئەو یاسایە کارا بکرێتەوە و دەسەڵات بگەڕێتەوە بۆ سەرۆکایەتیی ھەرێم تا رۆڵی خۆی بگێڕێت".
نەقیبی پارێزەرانی کوردستان نەیشاردەوە کە ھەندێک گرفتی دیکە هەن، بەتایبەت سەرۆکی ھەرێم، مەرسوومی دامەزراندنی دادوەران دەردەکات، ئەنجومەنی دادوەری پیشنیار دەکات بۆ ئەو دامەزراوەیە و پاش ئەوەی ئامادەبووان لە (بواری باڵای قەزایی)دا دەردەچن، ئەنجومەن دەینێرێت بۆ سەرۆکی ھەرێم و بڕیاری ھەرێمی پێ دەدرێت کە دادوەرەکان دابمەزرێن، ”بۆ پلە تایبەتەکانیش بەھەمان شێوە".
بەختیار حەیدەر جەختی لەوە کردەوە کە لە ناوەندی بڕیارداندا ”رەنگە“ گرفت دروست ببێت و ”ڕاگیرانی کارەکانی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، کێشەی لەسەر ئەو سێ دەسەڵاتەش دروست کردووە".
باسنيوز
