بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر زانیاری لەبارەی ڕووداوێکی تەقەکردن دەخاتە ڕوو
د. تاریق نوری، بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر ڕایگەیاند: ”دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو ئۆتۆمبێلێک بە پێش پارکی سامی عەبدولڕەحمان و بینای داوکاری گشتیدا تێدەپەڕێت، چەند فیشەکێک دەتەقێنێت، یەکێک لە فیشەکەکان بەر چوارچێوەی سەرەوەی باڵاخانەی دادگا دەکەوێت“.
ڕوونیشی کردەوە کە بەپێی شوێنی فیشەکەکە بێت، دەردەکەوێت کە ڕووداوەکە ئەنقەست نییە، چونکە ”ئەگەر ئەنقەست بووایە، ئەوا چەند فیشەکێکی زیاتر بەر بیناکە دەکەوت“.
بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر ڕوونیشی کردەوە، لەبەر ئەوەی ڕووداوەکە بە شەو بووە و تاریک بووە، نازانن چەند کەس لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، بەڵام ”تەنیا دوو کەس دیارە، ئەویش یەکێکیان ئۆتۆمبێلەکە لێدەخوڕێت و ئەوەی دیکەش لە تەنیشتی دانیشتووە، بەدواداچوون دەکەین و کەسەکان هەر کاتێک دەستگیر کران، ئەوا دەزانین کێی دیکەیان لەگەڵدا بووە“.
تاریق نووری ئاشکرای کرد کە ”ئۆتۆمبێلەکە دیار و ئاشکرایە“ لەلایان و بەدواداچوونی زیاتر لەسەر ڕووداوەکە دەکەن و دەیاندەن بە دادگا، بەڵام ”بە مەرجێک خێرا بە کەفالەت بەری نەدەن“.
باسنیوز
