بزوتنەوەی گۆڕان: ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ پارتی لە پێناو بەرژەوەندیی خەڵکە و بە خوێن دەیپارێزین
ھێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان و بەرپرسی مەکۆی هەولێری بزووتنەوەکە، ڕاگەیاند: یەکێتی لەڕێگەی میدیاکانی خۆیەوە ئەو هەڕەشانەی بڵاو کردووەتەوە کە باس دەکرێت، بەڵام ئێمە لە پێناو بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان، ڕێککەوتنمان کردووە و خەڵکی کوردستان دەزانێت، ڕێگایەکی ڕاست و درووستمان ھەڵبژاردووە، بۆیە ئەوانەی لەماوەی ڕابردوودا کوردستانیان کردبوو بە دوو لەتەوە، ئەوە خەونێکە و جارێکی دیکە دووبارە نابێتەوە و ھیچ حزب و لایەنێکی دیکە بۆی نییە دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت و ھەڕەشە بکات، بۆیە ئەوانەی بە ئەقڵیەتی ساڵانی نەوەدەکات بیردەکەنەوە، دەبێت گومانیان لە عەقڵی خۆیان بکەن".
ڕوونیشی کردەوە کە گۆڕان ”بۆ پاراستنی نێوماڵی کورد، ھەمیشە تەبایی لایەنە سیاسییەکانی بەلاوە گرنگ بووە“، بەڵام ”ئەگەر بێتە سەر ھەڕەشە، ئێمە ھەڕەشە لە ھیچ لایەنێکی سیاسی قەبووڵ ناکەین و باکمان نییە بەوانەی کە ھەڕەشەمان لێ دەکەن، چونکە ئەوانەی ھەڕەشەمان لێ دەکەن، بەھێز دەرناکەون، بەڵکو بچووکتر دەردەکەون“.
لەبارەی بابەتی ناردنی نامەیەکی هەڕەشە لەلایەن یەکێتییەوە بۆ گۆڕان، سەرکردەکەی ئەو بزووتنەوەیە بۆ (باسنیوز) گوتی: ”ئەو نامەیەی بڵاو بووەتەوە، حزبێکی سیاسی بڵاوی کردووەتەوە، ئەو حزبە تاوەکوو ئێستا کەسی یەکەمی نییە و خاوەنی باڵ و ئاڕاستەی جیاوازە و لە پەیامی یەکێتی و خەباتی شاخ لایانداوە، ئەوانەشی لەناو ئەو حزبە ھەڕەشە دەکەن، وەکوو کەسێکی ئاسایی سەیریان دەکەین و ھەڕەشەکانیان کاریگەری لەسەر ستراتیژیەتی بزووتنەوەی گۆڕان نابێت". باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر ئەوان بترسنایە، ساڵی ٢٠٠٩ بزووتنەوەکەیان درووست نەدەکرد، بەڵام ھیوای خواست کە هەموو لایەنە سیاسییەکان بچنە سەر مێزی گفتوگۆ. هۆشداریشی دا: ”لە ئەگەری نەھاتنی ئەو ھێزانە، ھەرچی ڕووبدات لە ھەرێمی کوردستان، یەکێتی لێی بەرپرسیارە".
بە گوتەی هێمن شێخانی، یەکێتی لەپشت پەردە و میدیاکانەوە، لەکاتی دانوستانەکاندا، شەڕی بنەماڵە و کوڕەکانیان دەکەن، ”ئەوانەی لەشاخ خەباتیان کردووە، ئێستا دەیانەوێت بەرھەمەکەی بۆ کوڕەکانیان بچننەوە“، بۆیە بە پێویستی زانی، یەکێتی واز لە بەرژەوەندیی خۆی بھێنێت و ”ھۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکات، نەوەکوو لە میدیاکانەوە شەڕی ئەوە بکەن کە ڕێککەوتنی گۆڕان لەگەڵ پارتی بڤەیە، بەڵام بۆ خۆیان ئاساییە لەگەڵ پارتی ڕێکبکەون ئەگەر پۆستێکی زیادە وەربگرێت".
بەرپرسی مەکۆی هەولێری گۆڕان جەختی لەوە کردەوە: ”دوای ئەوەی بڕیارمان دا بەشداری لە کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەین، پارتی و گۆڕان، ڕێککەوتنیان واژۆ کرد، ئێمە لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان، ئەو ڕێککەوتنە بەخوێن دەپارێزین، چونکە تەواوی خاڵەکانی ناو ڕێککەوتنەکەمان خزمەت بە ھەموو هاووڵاتییانی کوردستان دەکات".
باسنیوز
