ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە : لە بەغداوە بەڵێنی خەرجكردنی مووچەی پێشمەرگە دراوە
یەكێك لەو گلەییانەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك خاڵێكی پێشێلكراوی دەستوور بەردەوام ئاراستەی بەغدای دەكرد، خەرجنەكردنی مووچەی پێشمەرگە بوو لەلایەن حكومەتەكانی بەغداوە، بەڵام رێككەوتنە سەرەتاییەكەی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و عادل عەبدولمەهدی، پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2019 ی لێكەوتەوە كە لەو یاسایەدا مانگانە 68 ملیار دینار بۆ مووچەی پێشمەرگە تەرخانكراوە.
ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، لە سەرەتاوە ئێمە داوای 120 ملیار دینارمان دەكرد بۆ مووچەی پێشمەرگە، ئەوان رازی نەبوون و ئێمە داواكەمان كەمكردەوە بۆ 100 ملیار دینار "بەڵام ئێستا ئەوان لەم یاسایەدا مانگانە 68 ملیار دیناریان جێگیر كردووە".
حكومەتەكانی پێشووی عێراق بە سەرۆكایەتی نووری مالیكی و حەیدەر عەبادی، بۆ خەرجنەكردنی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە، ناڕوونی لە ژمارەی هێزەكانی پێشمەرگەیان دەكردە پاساو، چونكە پێیانوابوو ژمارەی پێشمەرگە لەوە كەمترن كە بە لیست رەوانەی بەغدا كراون. ئەحمەدی حاجی رەشید دەڵێ: "ئەوە یەكەمجارە مووچەی پێشمەرگە لەنێو بودجەی عێراق جێگیر بكرێت، ئەوەش زامنی ئەوە دەكات كە مانگانە ئەو مووچەیە رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت".
ئەحمەد سەففار، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، هۆكاری نەناردنی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە رووندەكاتەوە و دەڵێت پەیوەندی بە هەندێك وردەكاریی نێوان وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگەوە هەیە "گفتوگۆ و راگۆڕینەوە لە نێوان هەردوو وەزارەت هەیە بۆ ئەوەی لێكتێگەیشتنێكی باشتر دروست ببێ لە نێوانیان و ئەوكات بێگومان 68 ملیار دینارەكە مانگانە لەگەڵ مووچەی فەرمانبەران رەوانە دەكرێت".
هەر دوای پەسەندكردنی بودجەی عێراق لەلایەن پەرلەمانەوە، وەزارەتی دارایی عێراق بە نووسراوێك داوای لە وەزارەتی پێشمەرگە كردبوو نووسراوێك رەوانەی وەزارەتی دارایی بكەن لەبارەی مووچەی پێشمەرگەوە. وەك جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە باسی دەكات، ئەوانیش نووسراوەكەیان ناردووە بۆ بەغدا و وێنەیان لێداوە بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق "لە ژێر رۆشنایی نووسراوەكەی ئێمە، وەزارەتی بەرگریی عێراق نووسراویان كردووە بۆ وەزارەتی دارایی، ئێستا ئێمە چاوەڕوانی ئەوەین لە بەغداوە بە فەرمی خەرجكردنی مووچەی پێشمەرگەمان پێ ڕابگەیێندرێت".
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ: "بە نووسراو وەزارەتی بەرگریی عێراقمان ئاگادار كردووەتەوە، ئێمە ئامادەی هەر جۆرە هەماهەنگی و هاوكارییەكین بۆ ئەوەی بەرچاو روونی زۆرتر بدەینە ئەوان لەبارەی هێزەكانی پێشمەرگە و هەر شتێك ئەوان داوای بكەن بۆ ئەوەی مووچەی پێشمەرگە رەوانە بكەن، بەڵام تاوەكو ئێستا داوای هیچیان لە ئێمە نەكردووە".
جگە لە مووچەی پێشمەرگە، تاوەكو ئێستا پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستانیش وەك بابەتێكی چارەسەرنەكراو لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا ماوەتەوە. هێشتا بڕی 576 ملیار دینار لای حكومەتی بەغدایە كە پارەی ساڵەكانی 2014 و 2015 و 2016 یە، هەرچەندە بەردەوام دووپات دەكرێتەوە كە ئەو پارەیە خەرج دەكرێ . ئەحمەد حاجی رەشید گوتی: "لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی كۆبوونەوەیەكمان دەبێت و لەوێ جارێكی دیكە باسی پارەی گەنمی جووتیارانی لەگەڵ دەكەینەوە بۆ ئەوەی خەرج بكرێت".
رووداو
