سبەی خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای سەرۆکایەتیی هەرێم دەکرێت
خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "لە کۆبوونەوەی سێشەممە (٢/٤/٢٠١٩)ی پەرلەمانی کوردستاندا خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان دەکرێت و پڕۆژەکە ھەشت ماددە لەخۆ دەگرێت و پێک ھاتووە لە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەنێو پەرلەماندا بە زۆرینەی ڕەھا، ھەروەھا یاسای ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠١٨ دەربارەی ھەڵپەساردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەڵدەوەشێتەوە."
ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "گشتاندن بۆ ڕاپۆرتی لیژنەی یاسایی کراوە و گەیشتووەتە ھەموو پەرلەمانتاران تا لە کۆبوونەوەی سێشەممە (٢/٤/٢٠١٩)دا تێبینیی خۆیان دەربارەی ناوەڕۆکی پڕۆژەکە بخەنە ڕوو، بەڵام سێشەممە پەسەند ناکرێت، کۆبوونەوەیەکی دیکەی تایبەت بە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت، کە تایبەتە بە دەنگدان و گفتوگۆ کۆتاییی دێت."
خەدیجە عومەر گوتیشی: "بەپێی پڕۆسەکە بێت لەم حەفتەیەدا پڕۆژەکە پەسەند دەکرێت و دواتر لە ماوەی سێ ڕۆژدا دەرفەت بە پەرلەمانتاران دەدرێت بۆ تانەلێدان، من پێشبینی دەکەم حەفتەی ئایندە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەڵبژێردرێت، ئەگەر ڕێکارە یاساییەکان تەواو ببن، چونکە پێویستە بەر لە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم سێ ڕۆژ پێشتر دەرگای خۆکاندیدکردن بکرێتەوە و ناوی کاندیدان تۆمار بکرێت."
kdp-
