قایمقامی دھۆک: زیانلێکەوتووانی لافاو قەرەبوو دەکرێنەوە
جەوھەر عەلی، قایمقامی قەزای دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەیەک لە پارێزگای دھۆک پێک ھاتووە بە مەبەستی تۆمارکردنی ئەو ھاووڵاتیانەی بەھۆی لافاوەوە زەرەرمەند بوونە و ھەر ھاووڵاتییەک بەو ھۆیەوە زیانی بەر کەوتبێت دەتوانێ سەردانی قایقمامیەت، یان لیژنەی پەیوەندیدار بکات بۆ خۆتۆمارکردن، تا ئێستا ژمارەیەک ھاووڵاتی ناویان تۆمار کردووە."
شەوی ڕابردوو بەھۆی بارانی بەلێزمە لەنێو سەنتەری شاری دھۆک پردێک ھەرەسی ھێنا و زیانیش بەر چەند پڕۆژە و ماڵی ھاووڵاتیان کەوت.
قایمقامی قەزای دھۆک دەشڵێت: "ئەو قەرەبووکردنەوەیە ھیچ پەیوەندیی بەو قەرەبووکردنەوەیەی حکوومەتی عێراق نییە کە پێشتر پەرلەمانی عێراق بڕیاری دابوو پارەیان بۆ خەرج بکرێت."
جەوهەر عەلی ڕوونی کردەوە: "زیانلێکەوتووان دوای تۆمارکردنی زیانەکانیان، لیژنەی پەیوەندیدار سەردانی شوێنیان دەکەن و خۆیان بڕیار دەدەن بۆ مەزەندەکردنی زیانەکان و دیاریکردنی بڕی قەرەبووەکە، ئێمەیش بەرزی دەکەینەوە بۆ کارگێڕی پارێزگای دھۆک و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان."
kdp-
