لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا 2 كەس لە باكووری كوردستان كوژران
لە كاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا لە باكووری كوردستان شەڕ و ئاڵۆزی روویدا و 2 كەس كوژران و 5 كەسی دیكەش برینداربوون.
: "ئەمڕۆ لە كاتی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا لە شاری مەلەتێ (مەلاتيا) لە باكووری كوردستان شەڕ روویدا و 2 كەس كوژران و ژمارەیەك كەسی دیكەش لەلایەن ھێزە ئەمنییەكان دەستبەسەر كراون".
ھەر بەپێی زانیاری پەیامنێرانمان: "شەڕەكە لەنێوان ئەندامانی ئەكەپە و پارتی سەعادەت روویداوە و ئەو كەسانەی كوژراون ئەندامی پارتی سەعادەتن".
ھاوكات لە شاری دیاربەكری باكووری كوردستان بەھۆی شەڕ و پێكدادان لەنێوان ئەندامی لایەنە سیاسییەكان 5 كەسی دیكە برینداربوونە".
ئەمڕۆ 31/3/2019، پرۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە توركیا و باكووری كوردستان بەڕێوەدەچێت.
لە هەڵبژاردنەکەدا 57 ملیۆن دەنگدەر نوێنەرەكانیان لە شارەوانی شارەكانی باكووری كوردستان و توركیا هەڵدەبژێرن کە بۆ ماوەی 5 ساڵ لە ئەرکەکانیاندا دەبن.
لەو هەڵبژاردنەدا كە 19مین ھەڵبژاردنی شارەوانیەكانە لە توركیا بەڕێوەدەچێت 12 پارتی سیاسی بەشدارن 194 هەزار و 390 سندوق دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنەكە ئامادەكراون.
بە گوێرەی داتاكانی دەزگای ھەڵبژاردنی توركیا 156 هەزار دەنگدەر بۆ ئەم ھەڵبژاردنە تەمەنی 18 ساڵیان تەواو كردووە و بۆ یەكەمجار دەتوانن دەنگبدەن.
ئەو حزبانەی بەشداری لە ھەڵبژاردنەكان دەكەن پێكھاتوون لە، پارتی داد و گەشەپێدان، پارتی دیموکراتی گەلان، پارتی سەربەخۆیی تورکیا، پارتی یەکگرتووی مەزن، پارتی گەلی کۆماری، پارتی دیموکرات، پارتی چەپی دیموکراتیک، پارتی ئیی، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی، پارتی سەعادەت، پارتی کۆمۆنیستی تورکیا، پارتی نیشتیمان.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، داوا ھاووڵاتیانی توركیا و باكووری كوردستان دەكات، بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگ بدەن.
سەلاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان )ھەدەپە) لە زیندانەوە پەیامێكی لە رێی تویتەرەكەیەوە بڵاوكردەوە و رایگەیاند، بڕۆنە سەر سندووقەكانی دەنگدان، پرۆسەكە بایكۆت مەكەن، تا كۆتایی بەردەوام بن.
دەمیرتاش گوتیشی، بە پەرۆشەوە چاوەرێی ئەنجامێكی باشی سندووقەكانی دەنگدان دەكەن.
k24-
