سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێم: لیژنەیەکی باڵا بۆ سەرژمێریی گشتی پێک دێت

	 سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێم: لیژنەیەکی باڵا بۆ سەرژمێریی گشتی پێک دێت
بڕیارە حکوومەتی عێراق لیژنەیەکی باڵا بۆ ئامادەکاریی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان پێک بێنێ و سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستانیش ئاشکرای کرد، ھەرێمی کوردستان لە لیژنەکەدا بەشدار دەبێت و ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە دەکرێت.

عەبدولزەھرە ھنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕاگەیاند: "لیژنەیەکی باڵا بۆ ئامادەکاریی بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتیی عێراق پێک دێت و ھەرێمی کوردستانیش بە نوێنەر لە لیژنەکەدا بەشداری دەبێت، کە بڕیارە لە سەرەتای ھاوینی ئەمساڵدا ئامادەکاریی سەرژمێریی دەستی بکرێت."

سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕاستە بڕیارە لیژنەیەکی باڵا دابمەزرێت بۆ ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتی و ھەرێمی کوردستانیش نوێنەری لە لیژنەکەدا دەبێت، بەڵام تا ئێستا بەغدا ئێمەی ئاگادار نەکردووەتەوە کەی دەست پێ دەکات."

سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان گوتی: "ئێمە چاوەڕێی بڕیاری حکوومەتی فیدڕاڵین، ئەرکی لیژنەی باڵا ئەوەیە کار بۆ دروستکردنی لیژنەی دیکە دەکات بۆ ئەوەی کاروبارەکان بەڕێوە ببرێن، گرینگ نییە ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان چەند نوێنەرمان دەبێت، گرینگ ئەوەیە لێرە لیژنە پێک بێن بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا ئامادەکاری بۆ پڕۆسەکە بکەین."

سیروان محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "یەکەم ھەنگاوی ئامادکاریی سەرژمێری شێوازی خەرجکردنی بوودجەی سەرژمێری دەبێت بەسەر لیژنەکاندا، دواتر کاری ڕاوێژکاری ھەیە بۆ پڕۆسەکە تا کۆتاییی ئەمساڵ ئامادەکارییەکان کۆتاییان دێت و ساڵی ٢٠٢٠ سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکرێت."

سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق ھەر ١٠ ساڵ جارێک دەکرێت، بەڵام لە دوای ڕاپەڕینەوە سەرژمێریی گشتیی ھەرێمی کوردستان نەکراوە و لە عێراقیش لە دوای پڕۆسەی ئازادییەوە سەرژمێریی دانیشتووان نەکراوە."
kdp-
Top