٤١ بنكەی بایۆمەتریی دەنگدان لە دھۆك دەكرێنەوە
یووسف سەلمان، بەڕێوەبەری ئوفیسی پارێزگای دھۆكی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "لە ئێستادا ١٠ بنكەی كۆمسیۆن لە سنووری پارێزگای دھۆك كراونەتەوە بۆ بەڕێوەبەچوونی پڕۆسەی بایۆمەتریی دەنگدەران، رۆژانە ھاووڵاتیان بە مەبەستی خۆتۆماركردن بەپێی سیستەمی نوێ سەردانی ئەو بنكانەی كۆمسیۆن دەكەن".
بەڕێوەبەری ئوفیسی پارێزگای دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بە ھۆی نەبوونی كارمەندەوە نەمانتوانیوە ژمارەی بنكەكان زیاد بكەین، بەڵام ناوی كارمەندان بۆ دامەزراندن رەوانەی ئوفیسی نیشتیمانی كراوە لە بەغدا و ھەركاتێك فەرمانی دامەزراندنیان گەڕایەوە، ژمارەی بنكەكانی بایۆمەتری دەگەیەنینە ٤١ بنكە".
ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكان دەڵێت: "ناوی ٦٠ كارمەند بۆ دامەزراندن بە شێوەی گرێبەست لە بەغدان و چاوەڕێی گەڕانەوەی ناوەكان دەكەین، كە بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا بگەڕێنەوە، بەڵام كاتی گەڕانەوەی دیار نییە، لەبەر ئەوەش كردنەوەی بنكەی زیاتر بەندە بە دامەزراندنی ئەو كارمەندانەوە".
سەلمان داواشی لە ھاووڵاتیانی سنووری پارێزگای دھۆك كرد، خۆیان تۆمار بكەن لە سیستەمی بایۆمەتریی دەنگدان و گوتی: "ئەوانەی تەمەنیان گەیشتووەتە قۆناغی یاسایی و ئەوانەشی پێشتر بە ھەر ھۆكارێك بەشدارییان لە بایۆمەتریدا نەكردووە، دەرفەتە بێن خۆیان تۆمار بكەن تا مافیان لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتوودا نەفەوتێت".
kdp-
