ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر پڕۆژەی دانەوەی پاشەكەوتی مووچە ئاڕاستەی پەرلەمانیش دەكاتەوە
خانزاد مام وسوو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی ھەفتەی ڕابردوو ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر كۆ بووەوە و تێیدا بڕیاری دا دووبارە پڕۆژەی گەراندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران ئاڕاستەی حكوومەت بكات بە ھۆی باش بوونی دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ لە ئەنجوومەن نووسراوەكە ئامادە كراوە و لە رێگەی وەزارەتی داراییەوە ئاڕاستەی حكوومەت دەكرێت بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكات".
مام وسوو گوتیشی: "جگە لە حكوومەت، ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستانیشی دەكەین، بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەیە لە پەرلەمان بكرێتە یاسا و حكوومەت پابەند بكات پاشەكەوتی مووچە بداتەوە، چونكە ئەوە مافی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستانە و پێویستە بدرێتەوە".
بەپێی پڕۆژەكە پێویستە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان مانگانە لەگەڵ مووچەدا بڕێكی پارەی پاشەكەوتكراو بۆ فەرمانبەران بگەڕێنێتەوە و ئەو قەرزانەی حكوومەتیش لای فەرمانبەرانە، لە پاشەكەوتەكە كەم بكرێتەوە، كە حكوومەت تا ئێستا حەوت مووچەی تەواو و ٣٣ پاشكەوتی لایە.
kdp-
