کونسولی ئێران لە سلێمانی: لە سبەینێوە ڤیزە بۆ ئێران بە خۆڕاییە

کونسولی ئێران لە سلێمانی: لە سبەینێوە ڤیزە بۆ ئێران بە خۆڕاییە
ئەمڕۆ سەرکونسولی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاشکرای کرد، ئێران بە بڕیارێک لە سبەینێوە ڤیزەی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراقی دەبێتە خۆڕایی و گوتیشی هیوادارین لایەنی هەرێمی کوردستانیش ئەو بڕیارە بدەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 2019.3.31 سەعدوڵا مەسعوودیان سەرکونسولی ئێران لە شاری سلێمانی لە پرێس کۆنفرانسێکدا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ڤیزەی پارە بۆ ئێران گوتی: "ئێمە بۆ ئێران چەندان جۆر ڤیزەمان هەیە کە هاووڵاتییان دەتوانن لە ماوەیەکی دیاریکراو چەندین جار هاتوچۆی ئێران بکەن و هیوادارین عێراق وەڵامی پێشنیاری ئێران بداتەوە و ڤیزەکانی سێ مانگ، شەش مانگ و یەک ساڵە بۆ هاووڵاتییانی ئێران بکاتە خۆڕایی بۆ ئەوەی هاوتای ئەوە بڕیاری کۆماری ئیسلامیی بدوادا بێت".

ئاماژەی بەوەش کرد: لە سبەینێ دووشەممەوە ڤیزەی خۆڕایی بۆ ئێران بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەدەین کە کاتەکەی ماوەی سێ مانگە و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەتوانن بە ڤیزەیەوە کە ڤیزەی گەشتیاریی سێ مانگەیە یەک مانگ لە ئێران بمێننەوە و دیسان بگەڕێنەوە و دوو جاری دیکەش دەتوانن پێی سەفەر بکەن".

کونسولی ئێران ڕاشی گەیاند: "هیوادارین حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو بڕە پارەیەی کە لە بەرانبەر هاتنی گەشتیارانی ئێرانی بۆ ناو خاکی هەرێم وەری دەگرت هەڵی بوەشێنێتەوە و ئێمەش لە ڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە ئاگادار کراوینەوە کە هاوکات لەگەڵ بڕیاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ ئەم پرسە هەنگاوی پیویست هەڵدەگیرێت".












باسنيوز
Top